هۆكارەكان و چۆنیەتیی چارەسەری ئازاری ماسوولكەی قاچ لە شەواندا

:: PM:12:07:16/10/2018 ‌
زۆر كات لە شەواندا ماسوولكەكان تووشی ئازار دەبن ئەم ئازارە بەشێوەیەكی گشتی چەند چركەیەك دەخایەنێت یان بۆ چەند خولەكێك بەردەوام دەبێت، بەشێوەیەك بنچینەیی بەشی خوارەوەی قاچ و ماسولكەی ڕان و پوز دەگرێتەوە بەتایبەتی لەكاتی نووستن ڕوودەدا. لێرەدا باس لە هۆكار و چارەسەری ئەم جۆرە ئازارە دەكەین.

ئازاری قاچ یان پێیەكان بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە وەكو راهێنانی زۆر، برینداربوون، زۆر بەكارهێنانی ماسوولكەكانی قاچ، سكپڕی، خۆدانە بەر سەرما و هەوای سارد، وەستان لەسەر رووەكی سەخت بۆ ماوەیەكی زۆر، یان دانیشن بۆ ماوەیەكی درێژ، دانانی قاچەكان بەشێوەیەكی نادروست لەكاتی نووستندا، نەبوونی كالیسیۆم و پۆتاسیۆم لە لەشدا، یان وشكبوونەوەی لەش یان نەخۆشییە جۆراوجۆرەكانی دەمار وەكو رەقبوونی شادەمارەكان و نەخۆشی غودەی دەرەقی، نەخۆشی گورچیلە، یان ئەو دەمانانەی دەبنە هۆی زۆر میزكردن، حەپی ڕێگری لە دووگیانی.

نیشانەكانی ئەم ئازارە چییە:
ئەم ئازارە بە شێوەیەكی خۆنەویستانە روودەدات و زۆركات ئازارەكە درێژ دەبێتەوە بۆ پوز و ماسوولكەكانی ڕان و پێیەكان دەڕوات. لە كاتی ئازارەكەدا ماسوولكەكان تووشی گرژبوون دەبنەوە، ئەم گرژیە بۆ چەند خولەكێك بەردەوام دەبێت. ئەم ئازارە بەشێوەكی گشتی دوای تەمەنی 50 ساڵی ڕوودەات و لە هەندێك حاڵەتدا خوار تەمەنی هەرزەكاری و تەمەنی هەرزەكاری دەگرێتەوە.

چارەسەركردنی ئەم ئازارە بە ڕێی پزیشكی و سروشتی:
بە ڕێی پزیشكی بەگشتی دەرمان بەكاردەهێنرێت، بە تایبەتی ئەو دەرمانانەی كە كالیسیۆمیان تێدایە لەگەڵ بەهێزكەری مەگنیسیۆم، ڤیتامین B,E، سەرەڕای چارەسەری پزیشكی دەتوانرێت چارەسەری سروشتی بەكاربهێنرێت بۆ ڕزگاربوون لەم ئازارە.

یەكەم: زیادكردنی شلەی لەش، یەكێك لەو رێ سروشتیانەی كە بۆ چارەسەركردنی ئازاری قاچ بەكاردەهێنرێت، خواردنەوەی شلەیە یان ئاو. بۆ ئەوەی رێ لە وشكبوونەوەی لەش بگیرێت و ماسوولكەكان لووس و خاو ببنەوە. زیادبوونی شلە لە لەش ڕێ لە ناهاوسەنگی ئەلیكترۆلایت دەگرێت. وەكو پۆتاسیۆم و كالیسیۆم، كە بەرپرسن لە بچووكردنەوەی ماسوولكەكان.

دووەم: فشار، دروستكردنی فشارێك لەسەر شوێنی ئازارەكە وا دەكات، ئازارەكە سووكتر بێت، باشترە بە پەنجە گەورەت شوێنی ئازارەكە چەند جارێك بگوشیت، بۆ ماوەی 10 چركە و پاشان دووبارەی بكەرەوە.

سێیەم: راكشان و بەكارهێنانی تەنی گەرم و سارد، راكێشانی ماسوولكەكان و پاشان بەكارهێنانی گەرمی و ساردی یارمەتی هێوربوونەوەی ئازارەكە دەدات، یان شێلانی ماسوولكەكان و خۆشۆردن بەئاوی گەرم یان بەكارهێنانی خاولییەكی گەرم بۆ ئەوەی ماسوولكەكان بكشێن، پاشان بەكارهێنانی سەهۆڵ بۆ ئەوەی ئازارەكە كەم ببێتەوە.



وشە - ئاوات ئازاد