ئەمڕۆ ئەڵمانیا و فڕەنسا رووبەڕوو دەبنەوە

:: PM:12:14:16/10/2018 ‌

رەنگە ئەنجامی یارییەكەی ئەمڕۆ سێشەم بەرامبەر هەڵبژاردەی فڕەنسا ببێتە دەرچەیەكی رزگاربوون بۆ یواكیم لۆفی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا یانیش ببێتە ئاڵۆزتربوونی كێشەكانی بەهۆی ئەنجامە خراپەكانی ئەمساڵەوە.

ئەگەر لۆف لە یارییەكەی ئەمڕۆشدا بەرامبەر فڕەنسا بدۆڕێ دەبێتە شەشەم شكست هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە ساڵی 2018 كە ئەمەش خراپترین ئەنجام دەبێت لە مێژووی هەڵبژاردەكەدا كە تا ئێستا هیچ ساڵێك 6 یاری نەدۆڕاندووە.

یارییەكە لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی گەڕی چوارەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی نەتەوەكانی ئەوروپا دەبێت و سەعات 9:45ی شەو بەكاتی كوردستان لەنێو یاریگەی ناودەوڵەتی فڕەنسا لە شاری پاریسی پایەتەخت بەڕێوە دەچێت.

بەگشتی ساڵی 2018 بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا خراپترین ساڵە لە مێژوودا بەتایبەتیش بۆ یواكیم لۆف كە جامی جیهانی 2014ی بۆ هەڵبژاردەكە بردبووەوە.

هەڵبژاردەكە یەكەم ئەنجامی خراپی لەمساڵدا بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیسپانیا بوو كاتێك هەردوو هەڵبژاردەكە بە ئەنجامی 1-1 یەكسان بوون، دواتر بە گۆڵێكی بێ وەڵام بەرامبەر هەڵبژاردەی بەڕازیڵ دۆڕاند، بەر لە دەستپێكردنی مۆندیالی 2018ی رووسیاش بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ بەرامبەر نەمسا دۆڕا.

یەكەم دەركەوتنی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە گەڕی یەكەمی مۆندیالی رووسیا بەرامبەر هەڵبژاردەی مەكسیك بوو كە بە گۆڵێكی بێ وەڵام دۆرا، دواتر بەزەحمەت توانی لە هەڵبژاردەی سوێد بباتەوە بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ، لە سێیەم یاریشدا بە 2 گۆڵی بێ وەڵام بەرامبەر هەڵبژاردەی كۆریای باشوور دۆڕا و بەم ئەنجامەش لە قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیال كرایە دەرەوە.

دوای مۆندیالیش هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەرامبەر هەڵبژاردەی فڕەنسا بەبێ گۆڵ یەكسان بوو، دواتر بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك بەرامبەر پیرۆ براوە بوو، شەمووی رابردووش لە دوایین یارییدا بە 3 گۆڵی بێ وەڵام بەرامبەر هەڵبژاردەی هۆڵەندا دۆڕا.

هەڵبژاردەی ئەڵمانیا كە بە هێڵی بەرگری ئاسنی بەناوبانگ بوو، لە دوایین 10 یاریدا تەنیا لە یەك یارییدا توانیویەتی گۆڵی هەڵبژاردەكەی بە خاوێنی رابگرێ، واتە تەنانەت هەڵبژاردەكە گۆڵی زیاتری لە هەڵبژاردەكانی سعوودییە و پیرۆ و نەمساش زیاتر خواردووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م