"میسی وەك شێرە دەتوانێ سەرت لە لاشەت جیا بكاتەوە"

:: PM:01:25:16/10/2018 ‌

خواكین كابارۆس بەڕێوبەری وەرزشی یانەی سڤیلییەی ئیسپانی هۆشداری دایە سەرەجەم یاریزانەكانی تیپەكەی سەبارەت بە مەترسییەكانی لیۆنێل میسی لە یاریی داهاتوویاندا بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە لە خولی ئیسپانیا.

شەمووی داهاتوو لە گەڕی نۆیەمی خولی پلە یەكی ئیسپانیا، یانەی سڤیلییە لەنێو یاریگەی كامپ نوو دەبێتە مێوانی یانەی بەرشەلۆنە.

كابارۆس لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی رایگەیاند: میسی وەك شێر وایە، دەتوانێ بەباشی مامەڵە بكات و یاریت لەگەڵ بكات و تەنانەت دەستیشت بخەیتە نێو دەمییەوە و بێ ئەوەی ئازارت بدات، بەڵام بە پێچەوانەوە هەر كاتێ دەستكاری ددانەكانی بكەی سەرت لە لاشەت جیا دەكاتەوە.

زیاتر گوتی: ئامانجی سەرەكی یانەكەمان لە وەرزی ئەمساڵدا گەڕانەوەیە بۆ ركابەرییەكانی خولی پاڵەونانی ئەوروپا لە وەرزی داهاتوودا، هەرچەندە ئێستا لە ریزبەندی یەكەمی یانەكانی ئیسپانیا داین، بەڵام ركابەری زۆرمان لەبەردەمداماوە و شتێكی ئەوتۆمان نەكردووە، بەدڵنیاییشەوە تا كۆتایی بەرامبەر ركابەرەكانمان دەجەنگین.

بەڕێوبەری وەرزشی یانەی سڤیلییە هەروەها رایگەیاند: ئاواتمان ئەوەیە دڵی هاندەرەكانمان خۆش بكەین، ئەمە داواكاری سەرۆك و سەرجەم ئەندامانی تیپەكەمان بۆ یاریزانەكان.

لە كۆتاییدا كابارۆس ئاماژەی بەوەشدا كە ئەمساڵ دەستەیەكی هونەری و یاریزانانی زۆر باشیان لە تیپەكەیاندا هەیە و دەتوانن بەتواناكانی ئەوان لە كۆتایی وەرزدا بە ئامانجەكانیان بگەن.

یانەی سڤیلییە لە 5 یاریی رابردوویدا لە خولی ئیسپانیا لە هیچ یارییەك شكستی نەخواردووە و گەورەترین سەركەوتنیشی بەرامبەر یانەی ریال مەدرید بووە لە گەڕی شەشەم بە 3 گۆڵی بێ وەڵام.

یانەكە ئێستا بە كۆكردنەوەی  16 خاڵ ریزبەندی یەكەمی یانەكانی خولی ئیسپانیای گرتووە و یانەی بەرشەلۆنەش بە خاڵێك كەمتر لە ریزبەندی دووەمدایە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م