كتێبی "کورد لە ئۆکتۆبەری رەشدا" بڵاوكرایه‌وه‌

:: PM:01:37:16/10/2018 ‌
كتێبێكی تر له‌باره‌ی ڕیفراندۆم و خیانه‌ته‌كه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابردوو چاپ و ئاماده‌ كرا، له‌ ساڵوه‌گه‌ڕی خیانه‌ته‌ مه‌زنه‌كه‌دا بڵاوكرایه‌وه‌.

كتێبی "كورد له‌ ئۆكتۆبه‌ری ڕه‌شدا" له‌ نووسینی "شاخه‌وان برایم عه‌‌بدوڵا" نووسه‌ری كورده‌، كه‌ له‌ بۆچوون و وتاره‌كانی نووسه‌ر له‌باره‌ی ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و خیانه‌ته‌ مه‌زنه‌كه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابردوو پێك هاتووه‌.

ئه‌م كتێبه‌ له‌ دوو به‌ش پێك دێت و به‌م شێوه‌یه‌ن:

به‌شی یه‌كه‌م: پرسی سەربەخۆیی و ریفراندۆمی کوردستانە.
لەو بەشەدا چەند ناونیشانێک هەن، وەک: گرەنتی سەرکەوتنی کوردستان چییە؟ عێراق لە خراپەوە بەرەو خراپتر، دەوڵەتی کوردستان نەک دەوڵەتی کوردی، کورد دەبێ هەولێری هەبێت هه‌روه‌ها کورد چاوەڕێی فرمێسکی کامیرۆنی لە بەغدا ناکات.

 هەر لەو بەشه‌دا، باس لە هەڵوێستی ئەمەریکا سەبارەت بە ریفراندۆمی کوردستان دەکات، هاوکات باس لە دیموکراسییەت و دروستبوونی دەوڵەت دەکات، باس لە گرنگی نەوتی کوردستان دەکات بۆ بنیاتنانی دەوڵەت، و سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هاوکات پرسی ریفراندۆم و دواتر ئەنجامدانی ریفراندۆم، هەروەها رەخنە لە دیموکراسییەتی ئەمەریکا و بەریتانیا دەگرێت سەبارەت بە هەڵوێستی ئەو دوو وڵاتە دەربارەی ریفراندۆمی کوردستان بابه‌ت نووسراون.

بەشی دووەم: ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و پرسی ریفراندۆم.
ئەو بەشەش چەند ناونیشانێکی لە خۆگرتووە، وه‌ك: شەڕی سەرمێزی دیالۆگ، پرۆژەی حکوومەتی رزگاری نیشتمانی، 16ی ئۆکتۆبەر خیانەت و بێئاگایی، پاریس بەستەڵەکی قۆناغە سەختەکەی تواندەوە، ریفراندۆم مۆتەکەی سەرشانی عەبادی، حکوومەتی هەرێم لەبەردەم هەڵبژاردەی شەڕ و دیالۆگدا، فرەلیستی ئازارێکی دیکەی دوای ئۆکتۆبەر.

 باس لە پەتای ئۆپۆزسیۆنی ساختەی کوردی دەکات، باسی نیگەرانیەکانی کورد لە ئەمەریکا دەکات، لە لایەکی دیکەوە  بە وردی ئاماژە بە زیانەکانی 16ی ئۆکتۆبەر دەکات نەک تەنیا لە رووی سیاسی، بەڵکو بە ژمارە تیشک دەخاتە سەر زیانەکانی ئۆکتۆبەر، بەوەی هەرێمی کوردستان لە پێنج مانگی یەکەمی رووداوەکە نزیکەی نیوەی داهاتی نەوتی لەدەستداوە، هاوکات نزیکەی 500 بیرە نەوتیشی کەوتە ژێردەستی حەشدی شەعبی.

"كورد له‌ ئۆكتۆبه‌ری ڕه‌شدا" بەگشتی باس لە گرنگی ریفراندۆم و دواتر زیانە ئابووری و سیاسییەکانی 16ی ئۆکتۆبەر دەکات، بە پاڵپشتی بارەگای بارزانی لە دووتوێی 170 لاپەڕەدا لە چاپخانەی رۆکسانا چاپ کراوە.




وشە - ڕێناس شابان