ساڵێك دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر.. 25%ی ئاوارەكانی خورماتوو نەگەڕاونەتەوە

:: PM:06:17:16/10/2018 ‌
ساڵێك دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری باڵێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، تا ئێستە بەشێكی بەرچاو لە ئاوارەكانی خورماتوو كە گەورەترین زیانمەندی خیانەتەكە بوون، نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. هاوكات لە هەندێك ناوچەی كوردستانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە زەلیلی و بێ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان گەڕاوەتەوە و لە هەندێك ناوچەش وەك مەندەلی، رێی گەڕانەوە بە حزبە كوردستانییەكان و یەكێتیش نەدراوە.

فاخیر عەباس سەرۆكی ئەنجوومەنی داكۆكیكردن لە كوردانی دوزخورماتوو بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا، پاش ساڵێك لە لێكەوتەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، بەشێكی بەرچاو لە ئاوارەكانی شارۆكەی خورماتوو نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.

فاخیر هۆكارەكەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە "خەڵكێكی زۆر ئومێد و متمانەیان بەوە نییە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكە، هەندێكیشیان لە ناوچەكانی تری كوردستان چنگیان لە كار و كاسبی گیر بووە و بە پێویستی نازانن بگەڕێنەوە بۆ خورماتوو، هەیشە چاوەڕوانە هێزێكی تۆكمەی پێشمەرگە بچێتەوە ناوچەكە، ئینجا بگەڕێنەوە".

سەرۆكی ئەنجوومەنی داكۆكیكردن لە كوردانی خورماتوو كە شارۆكەكەیان زۆرترین قوربانی و زیانی لە 16ی ئۆكتۆبەر بەركەوت، بە ژمارە ئەوەی خستە ڕوو كە "رێژەی 25%ی ئاوارەكانی خورماتوو دوای ساڵێك لە داگیركردنی ناوچەكەیان، نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و ئەوانەیشی گەڕاونەتەوە، بەناچاری گەڕاونەتەوە".

لەبارەی ئێستەی دۆخی تەناهیی شارۆكەی خورماتوو ئەوەی ورووژاند، دوو فەوجی كاردانەوەی خێرا ماون كە پارێزگاری لە گەڕەكە كوردنشینەكان دەكەن، سەرباری بوونی هێزی تر".

سەرۆكی ئەنجوومەنی داكۆكیكردن لە كوردانی شارۆكەی خورماتوو پرسێكی هەستیاری ئاشكرای كرد و گوتی، "ئەو پارتە كوردستانییانەی گەڕاونەتەوە بۆ خورماتوو، زۆر بە لاوازی گەڕاونەتەوە". بۆ سەلماندنی قسەكەی ئەوەی بە نموونە هێنایەوە كە "ئاڵای كوردستان لەسەر بارەگاكانیان بەرز نەكراوەتەوە و دەسەڵاتێكی ئەوتۆیشیان نییە".

لەبارەی قەرەبووكردنەوەی خەڵكی خورماتوو، پاش ئەو كارەساتەی كە دواتر هەموو بەرپرسانی كوردستان و عێراق وەك دژی مرۆڤایەتیی ددانیان پێدا نا، ئەو بەرپرسە بە نیگەرانییەوە گوتی، "وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق تەنیا هەندێك لە خانووە سووتاوەكانی خورماتووی قەرەبوو كردەوە، ئەویش بڕی 500 هەزار بۆ دوو ملیۆن و 500 هەزار دیناری پێدان و تەنیا بۆ 250 ماڵ، لە كاتێكدا ژمارەیەكی زیاتر لەوە ماڵ سووتێنران، بۆ ئەوەش بیانووی ئەوەیان هێنایەوە كە هەر ئەوەندە فایل لەبەردەستدایە".

لەبارەی گەڕانەوەی یەكێتی بۆ خورماتوو بەبێ رێدانیان بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان, كەریم شكور بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی ئەو حزبە نەیشاردەوە كە ئەوان گەڕاونەتەوە بۆ خورماتوو بەبێ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان. بەڵام وەك خۆی بۆ "وشە" ئاماژەی پێ دا، "ئەگەر كێشەمان بۆ دروست نەكرێت ئاڵای كوردستان بەرز دەكەینەوە، نازانین تا چەند دەتوانین ئەوە بكەین، بەڵام دەبێت لەگەڵ ئەو دۆخەدا بگونجێین".

لەبارەی دۆخی تەناهیی خورماتوو دوای ساڵێك لە 16ی ئۆكتۆبەر، ئەو بەرپرسەی یەكێتی گوتی، "تا ئاستێك دۆخی تەناهی باشە".

لای خۆیەوە ئەرسەلان عەلی بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بارەگاكەیان لەناو لقی 22ی گەرمیانی حزبەكەدایە ئێستە لە كەلار، بۆ "وشە" ئەوەی خستە ڕوو، وەك پارتی ناوچە كوردستانییەكان كە بەهۆی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری باڵێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە رادەستی میلیشیا شیعەكان كرا، بە داگیركراو دەزانن.

ئاماژەی بەوەیش دا كە "بۆیە ناگەڕێنەوە ئەو ناوچانە، چونكە پێگەی كورد لە هەموو روویەكەوە بەهۆی خیانەتەوە لاواز بووە" بە نیگەرانیشەوە گوتی، "زۆر جێی داخە كە هەڵكردنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان لە خورماتوو قەدەغە كراوە، بۆیە تا ئەو ناوچانە ئاسایی نەبنەوە و هێزی پێشمەرگە بە پێگەیەكی بەهێزەوە نەگەڕێتەوە، ئێمە ناگەڕێینەوە ئەو سنوورانە".

هاوشێوەی شارۆكەی خورماتوو، لێكەوتەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر پێگەی كوردی لە ناوچە كوردستانییەكانی دیالەیش لاواز كردووە.

كەمال مستەفا بەرپرسی كۆمیتەی رێكخستنی مەندەلی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، تا ئێستە بارەگای یەكێتی بە دەست هێزەكانی بەدرەوەیە كە گرووپێكی میلیشیا شیعەكانە و هادی عامری سەرۆكایەتیی دەكات، بارەگای پارتیش لەلایەن میلیشیای عەسائیبی ئەهلی حەقەوە داگیر كراوە.

ئەوەیشی ئاشكرا كرد، "وەك یەكێتی بۆ وەرگرتنەوەی بارەگاكەمان كە خواستی گەڕانەوەمان هەیە، نووسراوی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەشمان هێنا بە واژووی پارێزگارەوە، بەڵام لەلایەن میلیشیاكانی بەدرەوە بارەگاكەمان نەدرایەوە، بۆیە وەك ئەندامانی یەكێتی لە سنووری مەندەلی، لە بازاڕ و چایخانە و ماڵان یەكتر دەبینن".

لەبارەی دۆخی تەناهیی شارەدێی گوڵاڵەی سەربە شارۆكەی خانەقین كە پارتی هاوشێوەی ناوچەكانی تر بارەگای نەگەڕاندووەتەوە، عامر رەفعەت بەرپرسی لیژنەی ناوچەی گوڵاڵەی ئەو حزبە بۆ "وشە"ی ئاشكرا كرد، بە بێهێزی ئامادە نین بگەڕێینەوە ناوچەكە، هەر ئەوەش بڕیار و فەرمانی سەركردایەتیمانە، چونكە ناكرێ بارەگا بكەینەوە و بۆمان نەبێ ئاڵا كوردستان هەڵكەین".

سەعدیە ناوچەیەكی تری داگیركراوی كوردستانە لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، ئەوێ تا ئێستەیش هیچ بارەگایەكی حزبە كوردستانییەكانی تێدا نییە، بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیشەوە.

ئەحمەد زڕگوشی بەڕێوەبەری شارەدێی سەعدیە /سەربە شارۆكەی خانەقین/ بۆ "وشە" باسی لەوە كرد كە "گەڕانەوەی پارتە كوردستانییەكان بۆ ناوچەكە، پێویستی بە رێككەوتنی سیاسی هەیە لە ئاستی باڵا و پێوەندی بە ئێمەوە نییە".

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی




وشە - تایبه‌ت