یەكەم پەیامی ئێران بە عەبدولمەهدی گەیشت

:: PM:07:17:16/10/2018 ‌

لەو كاتەی سەرچاوەكانی سیاسی لە عێراق پێشبینی دەكەن كە حكوومەتی نوێی عێراق لە ماوەی 72 سەعاتی تر یان سێشەمی داهاتوو بێتە راگەیاندن، دوێنێ یەكەم پەیامی ئێران و حەشدی شەعبی بۆ عادل عەبدولمەهدی راسپێدراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق رەوانە كرا بە گەڕاندنەوەی فالح فەیاز بۆ پۆستەكانی لەوانەیش سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی.

بەو پێیەی هێزەكانی ناو حەشدی شەعبی توانیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری رابردوو ئەنجامی باش بەدەست بێنن، بۆیە نیوچە دووپاتكراوەیە كە دەبێت عەبدولمەهدی لەگەڵ هێز و گرووپەكانی حەشدی شەعبی هەڵبكات و لەو چاكسازیانەی بەنیازە دەستیان بۆ ببات، نابێت زۆر دەست بۆ ئەوان درێژ بكات، چونكە هاوكات توانای دروستكردنی كێشەیان بۆ حكوومەتەكەی هەیە، ئەوان بەشێكیشن لە پاڵپشتیی بۆ حكوومەتەكەی.    

لەو چاكسازییانەی عەبدولمەهدی بەنیازە ئەنجامیان بدات چاككردنەوەی شكۆی دەوڵەت و كۆنترۆڵكردنی چەكی نایاسایی و هەڵوەشاندنەوەی سەرچاوەكانی بڕیاری تەریب لەگەڵ حكوومەت و قەوارە نیوچە سەربازییەكان كە كێبەركێی دەسەڵاتەكانی حكوومەت دەكەن و كۆنتڕۆڵی دۆخی تەناهی وڵات دەكەن. بۆیە هەموو ئەوان رووبەڕووی دەسەڵاتی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەبنەوە كە لە دوای بەشداریكردنیان لە جەنگی داعش زۆر بەهێز بوونە و بوونەتە خاوەن چەكی پێشكەوتوو، هەروەها بەهۆی دەستكەوتەكانی لە بەرانبەر داعش سەرانی حەشد ناوبانگی باشیان پەیدا كردووە و توانوویانە باڵی سیاسی بەهێز دروست بكەن كە خۆی لە هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری دەبینێتەوە.

لەو كاتەی مۆركێكی فەرمی بەو هێزانە دراوە و بوونەتە بەشێك لە هێزە چەكدارەكانی عێراق و بە شێوەییش خراونەتە ژێر فەرمانی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق كە هاوكات سەرۆك وەزیرانی عێراقە، بەڵام بەكردەنی تا ئێستە كۆنترۆڵی ئەو هێزانە بەدەست سەرانی راستەقینە هێزەكانن كە ئەوانیش بەهیچ شێوەیەك ئامادە نین دەستبەرداری میلیشیاكان بن كە هۆكاری بەهێزی و دەسترۆیشتوویی ئەوانە لە عێراق. 

چاودێران بۆ دۆخی عێراق ئاماژە دەكەن كە توانای عەبدولمەهدی بۆ چاكسازی هەرچەند بەهێز بێت، بەڵام بۆی نییە جگە لە هەڵكردن لەگەڵ میلیشیاكان شتێكی تری ئەوتۆ بكات و دەبێت سووربێت بەوەی چاكسازییەكانی لەگەڵ بەرژەوەندی سەرانی ئەو میلیشیایانە دژ نەبێت، ئەوەیش دوای ئەوەی بوونی میلیشیاكان كە زۆرینەیان سەر بە ئێرانن، بووەتە پرسێكی ددانپێدانراو لە عێراق. 

لە حاڵەتی عەبدولمەهدی دەست بۆ حەشدی شەعبی ببات و هەوڵی هەڵوەشاندنەوەیان ببات، ئەوكات پاڵپشتی زۆرینەی سیاسەتوانانی شیعەی دەسترۆیشتوو لەدەست دەدات، چونكە ئەوان هەموویان خاوەن میلیشیای چەكدارین، لەوانەیش موقتەدا سەدر كە گەورەترین پاڵپشتی عەبدولمەهدییە و خۆی وەك گەورەترین سەركردەی چاكسازیخواز پێشان دەدات و رەخنە لە میلیشیاكان دەگرێت، خۆی سەركردایەتی یەكێكیان بەناوی "سەرایا سەلام" دەكات و تا ئێستە چەند ناوچەیەكی عێراقی بەدەستەوەیە.

بۆیە عەبدولمەهدی یەكەم پەیامی لەبارەی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و سەركردەكانی بەدەست گەیشت لە رێگەی گەڕاندنەوەی فالح فەیاز بۆ پۆستە حكوومەتییەكەی وەك سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كە پێشتر بە بڕیارێكی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ماوەبەسەرچووی عێراق بەهۆی بەشداریكردنی لە گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق دووری خستەوە. كاتێك دوێنێ دووشەم بڕیارێكی دادگا بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەی عەبادی بەلادانی فەیاز هەڵوەشاندنەوە و هەموو پۆستەكانیشی بۆ گەڕێندرایەوە.

وەك دوێنێ دووشەم لە راگەیاندنێكی نووسینگەكەی هاتووە، دادگای دادوەری كارگێڕی دووشەم بڕیاری حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ماوە بەسەرچووی بە لادانی فالح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی هەڵوەشاندەوە و بڕیاری گەڕاندنەوەی هەموو پۆستەكانی بۆ فەیاز دا لەبەر نەبوونی هیچ پاڵپشتێكی یاسایی و دەستووری بۆ بڕیارەكە.

لەوبارەوە چالاكێكی سیاسی عێراقی دەڵێت، ئەو بڕیارەی دادگا بۆ بەرژەوەندی فەیاز دەری دەخات كە دادگای عێراق نەوەك تەنیا بە سیاسی كراوە، بەڵكو گومانی زۆری لێ دەكرێت كە لایەنگری نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشوو بكات، چونكە مالیكی زۆرینەی كورسییەكانی لە پەرلەمان لەدەست داوە و ئێستە ئەو پشت بە پاڵپشتیكردنی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دەبەستێت بەتایبەتی هادی عامری كە لەپشتەوەی دانانی فەیاز بوو لەو پۆستە و گرنگی پۆستەكەیشی بۆ پەردەپۆشكردنی تاوانەكانی حەشدی شەعبی لە ماوەی رابردوودا.

هەروەها ئەو هەنگاوە كە بە پەردەیەكی یاسایی داپۆشراوە دوور نییە لە هەوڵێكی پێشوەختە و بەپێشكەوتنەوە بۆ ئەگەری بڕیاردانی عەبدولمەهدی بە چاوخشاندنەوە بە مانەوەی حەشدی شەعبی، كە بارگرانی خەرجییە داراییەكان لەسەر دەوڵەتی عێراق لەوەی سوپای عێراق زیاترە، جیا لەنەمانی هۆكارەكانی لەپێناوی دروست بووە كە جەنگی داعشە، بۆیە گەڕانەوەی فالح فەیاز دەبێتە بەربەستێكی تر لەبەردەم عەبدولمەهدی كە پارتە سیاسییەكان هەوڵی پەككخستنی كارەكانی دەدەن لە كۆنترۆڵكردنی بڕیاری تەناهی لە عێراق و لە دیاریكردنی وەزیرە تەناهییەكانیش دەست پێ دەكەن.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل