سەرچاوەیەك: تا ئێستە 20%ی كابینەكەی عەبدولمەهدی یەكلا نەبووەتەوە

:: PM:07:50:16/10/2018 ‌

هاوكات لەگەڵ هەوڵە نادیارەكانی عادل عەبدولمەهدی دوور لە پارستە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەتەكەی، پاڵەپەستۆی پارتە سیاسییەكانیش زیاتر دەبن بۆ بەدەستهێنانی پۆستە ویزارییەكان، سەركردەیەكی دەوڵەتی یاسا دووپاتی دەكاتەوە بەو هۆیەوە 20%ی كابینەكەی عەبدولمەهدی یەكلا نەبووەتەوە.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتاهاتنی وادەی دەستووری دیاریكراو بۆ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، سەرچاوەكان هەواڵ دووپاتی دەكەنەوە  كە رەنگە عەبدولمەهدی كتوپڕ كابینەكەی پێش كۆتای ئەم هەفتە یان لە سێشەمی داهاتوو لە پەرلەمان بخاتە روو.

لای خۆیەوە جاسم بەیاتی، سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، چەند هێزێكی سیاسی پاڵەپەستۆی گەورە دەخەنە سەر عەبدولمەهدی لەپێناو دابەشكردنی پۆستە ویزارییەكان بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن، بۆیە بەوهۆیەوە تا ئێستە 20%ی كابینەكەی تەواو نەبووە، هاوكات پێشبینی كرد كە عەبدولمەهدی 25ی ئەم مانگە كابینەی حكوومەتەكەی رابگەیەنێت، ئەگەر هێزە سیاسییەكان وازی لێ بێنن.

 هاوپەیمانی سائیروون ئەمڕۆ سێشەم لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كرد كە عەبدولمەهدی دووچاری پاڵەپەستۆیەكی گەورە هاتووەتەوە لەسەر پێنج وەزارەت لە حكوومەتەكەی ئەوانیش ناوخۆ و بەرگری و تەندروستی و بازرگانی و و كشتوكاڵن. 

حامد مووسەوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لای خۆیەوە دەڵێت، دابەشكردنی پۆستە ویزارییەكانی حكوومەتی نوێی عێراق بەپێی پارێزگاكان دەبێت و هەر پارێزگایەك وەزارەتێكی پێ دەدرێت جیا لە بەغدا و بەسڕە و مووسڵ نەبێت دوو وەزارەتیان دەبێت و كورد و سونەیش نۆ وەزارەتیان دەبێت.

زیاتر گوتی، پارێزگا كوردییەكان چوار وەزارەتیان دەبێت یەكێكیان سیادییە و پارێزگا سوننەكانیش پێنج وەزارەت و 13 یش بۆ شیعە و ئەوانیترە. لەوكاتەی سەرچاوەیەك ئاماژە كرد كە وەزارەتی دارایی بۆ كورد و بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت. 

ئەمڕۆ سیهام عقیلی، پەرلەمانتاری عێراق دووپاتی كردەوە كە یەكشەمی داهاتوو پەرلەمان دانیشتنێكی تایبەت ساز دەكات و تیایدا عادل عەبدولمەهدی نیوەی كابینەی حكوومەتەكەی دەخاتە روو بۆ پەسندكردنی، لەوكاتەی دوێنێ دووشەم پەرلەمان وادەی دانیشتنی داهاتووی خۆی دیاری نەكرد. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل