پارێزگارەكەی گۆڕان بۆ پشووی خۆی سلێمانی پەراوێز خستووە

:: PM:08:03:16/10/2018 ‌
ماوەی دوو هەفتەیە هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی گەشتی بۆ فڕەنسا كردووە، وێڕای ئەوەی جێگرێكی خۆی بۆ راپەڕاندنی كارەكان داناوە، بەڵام ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگاری سلێمانی دەڵێت" هەندێك دەسەڵات هەیە تەنیا كەسەكە خۆی دەتوانێت بەكاری بهێنێت".

لە دووی ئەم مانگەوە لە نووسراوێكدا كە كۆپیەكی دەست "وشە" كەوتووە هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی داوای لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان  و وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان كردووە كە مۆڵەتی پێبدەن بۆ گەشتی فرەنسا كە لە دووی مانگ دەست پێ دەكات و ۲۱ی مانگ تەواو دەبێت.

پارێزگاری سلێمانی لە جێگەی خۆی بۆ راپەڕاندنی كارەكانی ئەحمەد عەلی جێگری راسپاردووە، هۆشیار ئیساعیل ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی یەكێتی بە "وشە"ی راگەیاند" بەپێی یاسا هەموو فەرمانبەرێك دەتوانێت مۆڵەت وەربگرێت پارێزگاری سلێمانیش جێگری خۆی بۆ راپەڕاندنی كارەكانی داناوە، بەڵام ناتوانێت هەندێك لە ئەركەكانی پارێزگار راپەڕێنێت".

هاووڵاتییان گلەیی زۆر لە پارێزگارەكەی گۆڕان دەكەن كە وەك پێویست نەیتوانیوە بەدەم كێشەكانی خەڵكەوە بچێت.

سەركەوت ئەحمەد هاووڵاتییەكی شاری سلێمانییە بە "وشە"ی گوت " هیچ جیاوازییەكم لە نێوان هەڤاڵ ئەبوبەكر و پارێزگارەكەی پێشوودا نییە كە لە یەكێتی بوو، رەنگە ئەو دەسەڵاتی زیاتر بووبێت"

زیاتر گوتی، ئێستە كە نرخی بەنزین و سووتەمەنی زیادی كردووە و نرخی میوە گرانبووە پارێزگاری سلێمانی لە گەشتی و خۆشی خۆیەتی و لەو لاشەوە حزبەكەی بۆ موزایەدەی سیاسی باسی تەنگژە و گرانی بەنزین دەكات".

سلێمانی/ هەستیار



وشە - سه‌رخێڵ هاشم