ئەمەریكا سزای نوێ بەسەر ئێران دەسەپێنێت


پاڵەپەستۆكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران زیاتر دەبن و ئەمڕۆ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزای نوێی بەسەر ئێران سەپاند كە ژمارەیەك بانك و كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتەی گرتەوە كە پاڵپشتی لە هێزەكانی بەسیجی ئێران دەكەن.

ئەمڕۆ سێشەم وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزای خستە سەر رێكخراوی بەسیجی ئێران و تۆڕەكانی پاڵپشتیی ژێرخانی دەكەن، لەوانە پێنج كۆمپانیای وەبەرهێنان و سێ بانك، بەرپرسانی ئەمەریكا دووپاتی دەكەنەوە كە سزاكانی وڵاتەكەیان بۆ سەر ئێران بەردەوامە و رۆژانە كۆمپانیای زیاتر ئەو وڵاتە جێ دێڵن و ئەوەیش ئاماژەیە بۆ خاڵی لاوازی ئابووری ئێران.

بەرپرسانی ئەمەریكا دەڵێن، بەردەوامین لە پاڵنان بە وڵاتانی تر بۆ بایكۆتكردنی نەوتی ئێران و ئەوەیش مەبەستی ئێمەیە تا چواری نۆڤێمبەر و دوای ئەوەیش، ئەوان روونیان كردەوە كە بەسیج لە كارەكانی توندوتیژی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران لەوانە رێكخستنی منداڵان لە سووریا بەردەوامە.

ئەو سزایانەی ئەمەریكا هاوكاتە لەگەڵ قسەكانی برایان هوك نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ ئێران كە ئەمڕۆ سێشەم گوتی، وڵاتەكەم دەیەوێت رێككەتننێك ساز بكات مسۆگەری وەستانی چالاكی خراپی ئێران لە ناوچەكە بكات. هەروەها كاری لەپێشینەمان وەدەرنانی هەموو هێزەكانی سەر بە ئێرانە لە سووریا و بۆ ئەو مەبەستە ئێمە رژدین لەسەر سزاكانمان بۆ سەر ئێران.


 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:08:07:16/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 1316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌