هۆزە عەرەبییەكان: 16ی ئۆكتۆبەر قێزەوەنترین خیانەت بوو

:: PM:09:03:16/10/2018 ‌

لە یەكەم ساڵوەگەڕی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان رووداوەكە بە قێزەونترین خیانەت بۆ هەموو گەلی كوردستان وەسف دەكەن كە لەلایەن بەكرێگیراو و خیانەتكارانەوە ئەنجام درا.

شێخ موزاحم ئەحمەد حوێت، گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی نەینەوا ئەمڕۆ سێشەم لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، دوای ساڵێك لە داگیركردنی ناوچە كێشەلەسەرەكان لەلایەن میلیشیاكانی سەر بە ئێران، یادی ئەو رۆژە وەك قێزەوەنترین خیانەت بۆ گەلی كوردستان دەكەینەوە كە لەلایەن ژمارەیەك بەكرێگیراو و خیانەتكار ئەنجام درا.

زیاتر گوتی، لەو رۆژەدا كلك و گوێكانی ئێران هەستان بە رادەستكردنی ناوچە كێشەلەسەرەكان (ناوچە كوردستانییەكان) لەوانە شاری كەركووك و ناوچەكانی تریش بۆ دەستی داگیركاران لە میلیشیاكان و حكوومەتی عێراق لە سەروویانەوە حەیدەر عەبادی دەسەڵات بەسەرچوو بەهاوكاری لەگەڵ بەكرێگیراو و بازرگانانی خوێن كە رۆڵی گەورەیان لە رادەستكردنی ئەو ناوچانە لە بەرانبەر پۆستەكان هەبوو.

لەو بۆنە ئازاربەخشەدا یادی هەزاران لە شەهید و بریندارانی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەكەینەوە كە گیانی خۆیان لە پێناو ئازادی و كەرامەتی خەڵكی ناوچەكە لە بەرانبەر دڕندەترین رێكخراوی تیرۆریستی كردە قوربانی  و دوای ئەوە ناوچەكان بەغەدر و ناپاكی رادەستی میلیشیاكان كران.

وەك هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان رایدەگەیەنین كە لەگەڵ داگیركردنی كەركووك و ناوچەكانی تریش دەیان پێشێلكاری لەلایەن میلیشیاكانەوە بە هاوكاری بەكرێگیراون و ناپاكان لە گرتن و كوشتن و تاڵانی و راگواستن بۆ هاووڵاتییان ئەنجام دراوە، بۆیە ئەو رۆژە وەك مۆرێكی شەرمەزاری بەسەر نێوچەوانی ئەوان لە بەرانبەر گەلی كوردستان دەمێنێتەوە كە تەنیا داوای مافە رەواكانی خۆی كردووە.

هەروەها لەو یادە بەئازارە پەیام ئاراستەی رۆڵەكانی گەلی كوردستان لە ناوچە داگیركراوەكان دەكەین و دەڵێین  مادام سەرۆك مەسعوود بارزانی لەپشت ئێوەیە لە ستەم و پێشێلكاری میلیشیاكان مەترسن و بەرگریكار دەبین لە ئێوە تا كاتی گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و دەزگا تەناهییەكان بۆ هەموو ناوچە كوردستانییەكان و ئازادكردنەوەیان لە ستەم و پێشێلكاری.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل