حەشدی شەعبی داعش بە شێوەیەكی نوێ دەگەڕێنێتەوە

:: PM:09:09:16/10/2018 ‌

لەدوای ئازادكردنەوەی بەشی زۆری ئەوناوچانەی كە لە 2014ەوە رێكخراوی داعش داگیری كردبوون لە عێراق، پرسیارێك دەهاتە ئاراوە كە ئاخۆ ئەو دەیان هەزار چەكدارەی داعش كە جەنگیان دەكرد چیان بەسەر هات؟، دواتر لە چەند ناوچەیەكی عێراق جموجۆڵی پاشماوەی داعش پەیدا بووەوە و زانیارییەكان باسی ئەوە دەكەن كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ژمارەیەك لە چەكدار و سەرانی ئەو رێكخراوەیان لە ریزەكانی خۆیان رێكخستووەتەوە.

وەك لە ماڵپەڕی "فۆرین پۆلیسی"ی دا هاتووە كە ئەو كارەی حەشدی شەعبی دیاردەیەكی زۆر نامۆیە دوای ئەوەی هەردوولا چەند ساڵێكە لەدژی یەكتر دەجەنگن و یەكتر دەكوژن، ئێستە بە تایبەتی لەو ناوچانەی نزیك لە دەسەڵاتی كورد ئەوان رێك دەخەنەوە. هاوكات راپۆرتی ماڵپەڕەكە ئاماژە دەكات كە ئەومیلیشیایانە بوونی خۆیان لە ناوچەكانی سوننەیش بە یارمەتی كۆنە داعشەكان بەهێز كردووە و ئەوەیش مانای ئەوەیە كە ئەندامانی داعش دووبارە توانوویانە بێنەوە ناو كۆمەڵگای عێراقی و سەرچاوەی تری داهات بۆخۆیان دەست بخەن.

لە 2014 لە دوای دامەزراندنی بەقەتوایەكی مەرجەعیەتی باڵا، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی پاڵپشتیكراو لەلایەن ئێران بوونە نووكی وێزەی جەنگی هێزەكانی عێراق لەدژی رێكخراوی داعش، لەو كاتەی ئەوان تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی چەندان پێشێلكاری بەرانبەر هاووڵاتییان لەوناوچانەی بوونیان لێی هەیە. ئێستەیش ئەو میلیشیایانەی پێوەندی بەهێزیان بە قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس هەیە، كار بۆ دابینكردنی ژەند ناوچەیەك دەكەنم كە پێشتر بەدەستی داعشەوە بووە، جیا لەوەی بوونەتە هێزێكی گەورەی سیاسی لە عێراق دوای بردنەوەی دەیان كورسی لە پەرلەمانی عێراق لە هەڵبژاردنی ئایاری رابردوو.

لەگەڵ هەوڵی حەشدی شەعبی بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی لە ناوچەكانی سوننە، ئەوان هەستاون بە ئەنجامدانی گۆڕانكاری ریشەیی لە ستراتیجیەتی رێكخستنەكانی و كردنەوەی دەرگە بەرووی چەكدارانی پێشووی داعش، دوژمنانی پێشوو، بە چوونە ریزەكانیان، بۆیە بەپێی دیدارەكانی "فۆرین پۆلیسی" لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەت و چالاكانی سیاسی عێراق هەموویانی دووپاتیان لەوكارەی حەشدی شەعبی كردووتەوە و ئاماژەیان كردووە كە رێكخراوی بەدر كە گەورەترین گرووپی ناو حەشدی شەعبییە 30 چەكداری پێشووی داعشی لە شارەدێی جەلەولا لە پارێزگای دیالە لە ریزەكانی خۆی رێكخستووە، هاوكات عەسائیب ئەهلولحەق كە توندڕۆترین گرووپی ناو حەشدی شەعبییە، 40 چەكداری پیچشووی داعشی لەجەلەولا لە ریزەكانی رێك خستووە، لەو ناوچە كێشەلەسەرەی نێوان هەولێر و بەغدا.

خەلیل خوادا كە بەرپرسێكی كوردە لە جەلەولا لەوبارەوە دەڵێت، لەدوای شكستی داعش، چەكدارانی ناوچەكەی داعش نەیاندەتوانی بگەڕێنەوە ناوچەكانیان، بۆیە ئەوانە چوونە شارەكانی تر و چوونە پاڵ هێزەكانی حەشدی شەعبی و ئێستەیش بە جلێكی نوێوە دەگەڕێنەوە ناوچەكە. لەوكاتەی راپۆرتەكە ئاشكرای دەكات كە چەكدارانی گەڕاوەی داعش تەنیا چەكدارایی ئاسایی رێكخراوەكە نین، بەڵكو سەركردەیشیان تیادایە لەوانە موتەشەڕ توركی و زەید موالان.

هێزەكانی حەشدی شەعبی بەمەبەستی مانەوەیان و بۆ رێگرتن لە هەر هەوڵێكی هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەستەیە كە چەك و پاڵپشتی بەهێزی هەیە و هێزێكی نایاسایی هاوتەریبە لەگەڵ هێزە تەناهییەكانی عێراق، ئەوان هەموو هەوڵێك دەدەن، بەتایبەتی سوود لە دۆخی ناوچەكانی سوننەی ئازادكراوە لە داعش و كێشەلەسەرەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەدەن.

تا ئێستە دۆخی ئاوادانكردنەوە و گەڕانەوەی تەواوەتی ئاوارەكانی ناوچە سوننەكان بەتەواوەتی ئەنجام نەدراوە و زانیاری هەیە لەبارەی رێگرتنی میلیشیاكان لەو هەوڵانە، كە ئەویەش مەترسی بەردەوامی نەهامەتییەكانی سوننە و زیادبوونی دروست دەكات بەوەی تا ئێستە نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە لە دەرەوەی ناوچەكانی خۆیان دەژین و ئەوانەیشی گەڕاونەتەوە خانووەكانیان وێران بووە، وەك رێكخراوی مافی مرۆڤ باسی لێوە دەكات، بۆیە ئەوانە رەنگە وا بكەن دانیشتوانی ئەو ناوچانە دووبارە هەڵگەڕێنەوە و توندوتیژی لەو ناوچانە سەرهەڵبداتەوە.

جیا لەوەی دوای كۆنترۆلچكردنەوەی مووسڵ حكوومەتی عێراق بڕیاری دا بە داڵدەدانی خێزانی چەكدارانی داعش لە چەند كەمپێكی جیاكراوە و دابڕاو لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین و مووسڵ و ئەنبار و هێزە تەناهییەكانی عێراق و حەشدی شەعبی خانووی ئەوانیان رووخاندووە.

رۆژنامەی "حەیات" لەو بارەوە لە هیشام هاشمی شارەزای تەناهی عێراقی دەگوازێتەوە، گرنگترین ئەو كێشانەی حكوومەتی عێراق لەدوای ئازادكردنەوەی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش رووبەڕوویان دەبێتەوە، چۆنیەتی مامەڵەكردنە لەگەڵ خێزانی چەكدارانی داعش، كە حكوومەت ئەوانی لە چەند كەمپێك دابڕیوە و بێدەنگیشە لە بەرانبەر پیچشێلكاری بۆ سەریان لە رووخاتندنی خانووەكانیان و كوشتن و رێگرتن لە گەڕانەوەیان بۆ ماڵ و حاڵیان. 

لەو كاتەی هاشمی ژمارەی ئەو خێزانانە بە 100 هەزار كەس دەخەمڵێنێت و وریایی لەوە دەدات كە زۆرێك لەوانە بەو هۆیەوە ببنە نەوەیەكی نوێی رێكخراوە تیرۆریستییەكان كە رەنگە ئەوان دڕندانەتەر بن لەوەی پێشوو، چاودێران باسی ئەوە دەكەن كە ئەو شێوازە مامەڵەكردنە رەنگە هەوڵێكیش بێت بۆ ناچاركردنی ئەوان و پاڵنانیان بەو ئاراستەیە بۆ هێشتنەوەی پشێوی و جەنگ لەو ناوچانە كە جیا لەوەی ناوچەی سوننەن، هۆكارێكیشە بۆ مانەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی بەوەی بە بەردەوام وریایی لە نائارامی ناوچە كێشەلەسەرەكان و بوونی مەترسی تەناهی بۆ سەر ئەو ناوچانە دەدەن.








وشە - مه‌حموود ئیسماعیل