شارەزایەك: پاساوهێنانەوە بۆ 16ی ئۆكتۆبەر پێچەوانەی هەوڵی جێبەجێكردنی مادەی 140ە

:: PM:10:38:16/10/2018 ‌

شارەزایەكی سیاسی پێی وایە 16ی ئۆكتۆبەر لە كاتێكدا ڕووی دا كە پێش چەند ڕۆژێك كوردستان بۆ سەربەخۆیی ریفراندۆمی كرد و ئاماژە دەكات كە ئەو هێزە كوردستانییەی پاساو بۆ ١٦ی ئۆكتۆبەر دێنێتەوە پێچەوانەی ئەو راگەیاندن و هەوڵانەیانە بەناوی جێبەجێكردنی مادەی 140 وە دەیڵێن و دەیدەن.

دڵشاد نامیق، ماستەر لە پێوەندیە نێودەوڵەتییەكان و توێژەری سیاسی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، 16ی ئۆكتۆبەر لە چركەساتی دوای پرۆسەیەكدا ڕووی دا كە تیایدا بە شێوەیەكی ئازادانە گەلی كوردستان ئیرادەی خۆی دەربڕی، ئەویش پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بوو، بۆیە هێزی سیاسی ئەگەر پشت ئەستوور بێت بە گەلی خۆی نابێت هەرگیز و لە هیچ هەلومەرجێكدا پشت لە ئیرادەی گەلەكەی بكات و بە پێچەوانەی ئیرادەی نەتەوەكەیەوە ڕەفتار بكات.

زیاتر گوتی، ڕیفراندۆم لە هەلومەرجی تەواو گونجاودا بوو بۆ ناوچەكانی مادەی 140یش كاتێكی زۆر گونجاو بوو و تەنانەت ریفراندۆم لەو ناوچانە نەك پێچەوانەی دەستووری عێراق نەبوو، بەڵكو پشتیوانی دەستوریشی هەیە كە دەبێت پرس بە خەڵكی ئەو ناوچانە بكرێت ئاخۆ دەیانەوێت لەگەڵ كێ بژین عێراق یان كوردستان؟.

ئەو شارەزایە سیاسییە روونی كردەوە، ئەو هێزە كوردستانییەی پاساو بۆ رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر دێنێتەوە پێچەوانەی مێژووی خەباتی خۆیان ڕەفتار دەكەن، تەنانەت پێچەوانەی ئەو ڕاگەیاندن و هەوڵانەیشیانە بەناوی جێبەجێكردنی مادەی 140وە دەیڵێن و دەیدەن، چونكە رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر و هێرشەكانی عێراق، بە ڕوونی پێی گوتین كە بنەمای مامەڵەی ئەوان لەگەڵ كوردستان لۆجیكی هێزە و هیچی تر.

دووپاتی كردەوە، دەبێ ئەوەیش بڵێین كە رووداوەكانی ساڵی رابردوو پێیان گوتین تاكە زامن و گرێنتی پارێزگاریكردن لە خۆمان و دەستكەوتەكانمان یەكگرتن و پێكەوەیی هێزە سیاسییەكانمانە لەبەرامبەر نەیار و دژەكانمان، بەجۆرێك هیچ هێزێك بیر لەوە نەكاتەوە دەسكەوتی حیزبی یان شەخسی بخاتە پێش پارێزگاریكردن لە ئیرادە و بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەییەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل