ترەمپ دوو جار لە مایەپووچی رزگاری بووە

:: PM:11:08:16/10/2018 ‌

پێوەندی پتەوی نێوان شا و میرەكانی سعوودیە و دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ساڵانێكی دوورودرێژ دەگەڕێتەوە، بۆیە دەركەوتووە كە میرێكی سعوودی دووجار ترەمپی لە مایەپووچی رزگار كردووە.

لە ساڵی ١٩٩١ سەرۆكی ئەمەریكا لەگەڵ ئەوەی خەریكی كاروباری خانووبەرە بووە، ٩٠٠ ملیار دۆلاری ئەمەریكایی قەرزدار بووە و ئیشی گازینۆكانیشی لە هەرەسهێنان بووە، لەم كاتانەدا بە هەموو شوێنێكدا بەدوای پارە گەڕاوە، تەنانەت باوكی ترەمپ بۆ دانەوەی قەرزەكانی كوڕەكەی بە نایاسایی بە بڕی زیاتر لە سێ ملیۆن دۆلار داشی قوماری كڕیوە.

لەم سەروبەندانەدا بڕێكی زۆری پارەی كاشی میرێكی سعوودی بە بەناوی وەلید بن تەلاڵ، گرژییەكانی نێوان ترەمپ و خاوەن قەرزەكان ئارام دەكاتەوە، میرەكە یەختێكی ترەمپ دەكڕێت بە بڕێكی پارە كە مەزەندە دەكرێت بە ١٨ بۆ ٢٠ ملیۆن دۆلار بووبێت.

لە ساڵی ١٩٩٥ ترەمپ هێشتا لە كێشەیەكی گەورەدا بووە، دیسان وەلید بن تەلال دەردەكەوێتەوە بۆ یارمەتیدانی، ئەو میرە كە بەخۆی دەڵێت، "وارن بەفێتی شانشینی سعوودیە"، دەست دەگرێت بەسەر 51%ی پشكەكانی ترەمپ لە ئوتێلی "نیویۆرك پلازا،" لە ئەنجامدا خاوەن قەرزەكان لە ١٢٥ ملیۆن دۆلار قەرزی ترەمپ خۆش بوون.

شایەنی باسە وەلید بن تەلال لەلایەن كۆمپانیای بەناوبانگی ئابووری "بلوومبێرگ"ەوە بە ٧٤ەمین دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان داندراوە و خاوەنی پشكە لە كۆمپانیا زەبەلاحەكانی وەك ئەپڵ و سناپچات و تویتەر.

ترەمپ لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا چەندین جار شانازی بە پێوەندی باشی خۆی و سعوودیە كردووە و لە یەكێك لە گردبوونەوەكاندا دەڵێت، "لەگەڵ هەموو شانشینی سعوودیەی عەرەبی بە باشی هەڵ دەكەم. ئەوان شوقەیان لێ كڕیوم. ٤٠ ملیۆن و ٥٠ ملیۆن دۆلاریان خەرج كردووە. ئایا وا چاوەڕوان دەكرێ كەیفم پێیان نەیەت؟ من زۆر كەیفم پێیان دێت." 

وشە/ محەمەد شابان



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل