واشنتن: وەدەرنانی ئێران لە سووریا ئامانجی سەرەكیمان دەبێت

:: PM:11:37:16/10/2018 ‌

نێردراوی ئەمەریكا تایبەت بە كارەباری ئێران دووپاتی كردەوە كە واشنتن سوورە لەسەر وەدەرنانی ئێران و هەموو هێزەكانی سەر بە ئێران لە سووریا.

برایان هوك، ئەمڕۆ سێشەم لە لێدوانێكی بۆ "سكای نیوز عەرەبی"ی گوتی، ئەمەریكا رژدە لە سەپاندنی سزاكانی بۆ سەر ئێران و دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی سوورە لە پاڵەپەستۆ خستنە سەر تاران بە مەبەستی وەستاندنی چالاكییە دوژمنكارەكانی لە ناوچەكە.

زیاتر گوتی، ئامانجی سەرەكی واشنتن وەدەرنانی هەموو هێزەكانی سەر بە ئێرانە لە سووریا و روونی كردەوە، دوو ئاراستەی كارمان لە سووریا هەیە، ئێستە خاوەن هێزی سەربازین لەوێ بۆ مسۆگەری شكستهێنان بە داعش، هەروەها دیپلۆماسییەكانمان بەتایبەتی جیم جیفری نێردراوی تایبەت بۆ سووریا هەن كە لای حكوومەتەكانی ناوچەكە كەسێكی ناسراوە و پرسی وەدەرنانی ئێرانی كردووەتە یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی هەوڵە دیپلۆماسییەكانی.   

زیاتر گوتی، لەو كاتەی سەربازانمان جەنگی داعش دەكەن بۆ شكست پێهێنانی بەیەكجاری، دیپلۆملسییەكانامان هەوڵی گەیشتن بە ئامانجەكانیان دەدەن بۆ وەدەرنانی هەموو هێزەكانی لەژێر سەركردایەتی ئێران لە سووریا كار دەكەن.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل