عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌كات

:: AM:08:48:17/10/2018 ‌
په‌رله‌مانتارێكی پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان دووپاتی كرده‌وه‌، حكوومه‌تی نوێی عێراق و ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی ناتوانن حزبه‌كه‌ی په‌راوێز بخه‌ن له‌ كابینه‌ی نوێ، چونكه‌ په‌راوێزخستنی پارتی هیچ لایه‌نێكی ئه‌رێنی نابێ و به‌ڵكوو نه‌رێنی ده‌بێ بۆ حكوومه‌تی داهاتوو.

ئه‌رده‌لان نوره‌دین په‌رله‌مانتاری پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ ڕادیۆی "مربد"ی ڕاگه‌یاند، پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین ده‌نگ و كورسی كوردستانی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ ده‌ستهێناوه‌، بۆیه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانرێ پارتی له‌ حكوومه‌تی نوێ په‌راوێز بخرێت.

ئاماژه‌ی دا، چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌ردانی هه‌ولێر بكات و له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان تاوتوێی چۆنیه‌تیی پێكهێنانی حكوومه‌ت و دابه‌شكردنی پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان بكه‌ن، پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش له‌ حكوومه‌تی داهاتوو به‌ وردی باسی لێوه‌ ده‌كرێت.

ئه‌و قسانه‌ی په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كاتێكدایه‌ له‌ دوو ڕۆژی ڕابردوویش میدیاكانی عێراق بڵاویان كرده‌وه‌، كه‌ به‌ر له‌ ڕاگه‌یاندنی كابینه‌ی حكوومه‌تی نوێ، عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی كۆ ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام كات و شوێنی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ تا ئێسته‌ بڵاو نه‌كراوه‌ته‌وه‌.



وشە - باز ئه‌حمه‌د