ژنێكی كوردستان هەوڵی ڕزگاركردنی ژیانی چەقەلێك دەدا

:: AM:09:08:17/10/2018 ‌
ژنێك بەمەبەستی چارەسەركردنی چەقەلێك كە ئۆتۆمبێل خۆی لێی داوە، دەیبات بۆ یەكێك لە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان و دواتر چەقەڵەكە گیان لە دەست دەدات.

ئەمڕۆ چوارشەم 17ـی تشرینی یەكەم، بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی بڵاوی كراوەتەوە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی شەوی ڕابردوو لە نزیك دەربەندی ڕانیە لە كێوە ڕەش ئۆتۆمبێلێك خۆی بە چەقەڵێك دادەت و جێی دەهێڵێت.

دواتر ژنێك وەكو كارێكی مرۆڤانە ئەو چەقەڵە هەڵدەگرێتەوە و دەیبات بۆ نەخۆشخانەی ڕاپەڕین لە شارۆكەی ڕانیە، سەرەتا وا ئەزانرێت چەقەڵەكە قاچی شكاوە، بەڵام بەهۆی خوێنبەربوونی ناوخۆی چەقەڵەكە گیان لە دەست دەدات.

بڵاو بوونەوەی ئەو ڤیدیۆیە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی دەنگۆیەكی زۆری لەشەوی ڕابردووە دروست كردووە و بەكارێكی مرۆڤانەیان ناساندووە كە پێویستە مرۆڤ ڕێز لە ئاژەڵەكانیش بگرێت.

كێوەڕەش لە دەربەندی ڕانیە بە لانەی چەقەل دادەنرێ و  بە سەتان چەقەل تێیدا دەژین و شەوانە بە ئاشكرا هەستی پێدەكرێت كاتێك دێنە سەر شەقامەكە و بۆ نزیك ئاوی دەربەند دەپەڕنەوە.



وشە - رامیار جەواد