هێرشی مووشەكی كرایە سەر ئیسرائیل و قوربانی لێ كەوتووەتەوە

:: AM:09:15:17/10/2018 ‌

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەم لە كەرتی غەزەوە دوو مووشەك ئاراستەی ئیسرائیل كران و دوای ئەو هێرشەش لە ئیسرائیل زەنگی ئاگاداركردنەوە لێ درا و لە ئەنجامی هێرشەكەیش حەوت كەس لە ئیسرائیل بوونەتە قوربانی.

سەرچاوەكانی ئیسرائیل باسیان لە هیچ زیانێكی ئەو هێرشە نەكردووە، بەڵام ئەوە پشتڕاست كراوەتەوە كە مووشەكەكان لە شاری "بیئرولسەبع" كەوتوونەتە خوارەوە كە كەوتووەتە باشووری ئیسرائیل.

هاوكات ماڵپەڕی "تابناك"ی ئێران بڵاوی كردەوە كە لە دوای هێرشەكەی كەرتی غەزە بۆ سەر ئیسرائیل، ئەو وڵاتە وەڵامی داوەتەوە و لە كەرتی غەزە دەنگی چەندان تەقینەوە بیستراوە كە پێ دەچێت بە فڕۆكە هێرشی كردبێت. 

ئەمە یەكەم جار نییە لە كەرتی غەزەوە هێرش دەكرێتە سەر ئیسرائیل و پێشتریش چەندان جار هێرشی هاوشێوە هەبووە و زۆربەی هێرشەكانیش لە لایەن ئیسرائیلەوە وەڵام دراونەتەوە.

سێ مانگ لەمەوبەر وەزارەتی جەنگی ئیسرائیل باسی لە زۆربوونی ژمارەی هێرشە مووشەكییەكانی كەرتی غەزە كردبوو و گوتبووی، لە سەرەتای ساڵی 2017وە ئەو هێرشانەی كراونەتە سەر ئیسرائیل بەراورد بە ساڵی 2017، هەشت هێندە زیادی كردووە و گەیشتووەتە 289 مووشەك.





وشە - سلێمان تاشان