بوومەلەرزە ڕۆژهەڵاتی كوردستانی هەژاند

:: AM:10:02:17/10/2018 ‌

سەعات 6:16 خولەكی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەم، بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 4.9 بە پێوانەی ریختەر، قەسرین شیرین لە پارێزگای كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستانی هەژاند.

بوومەلەرزەكە بەهێز بووە و تەنانەت لە شار و شارۆكەكانی دەوروبەریشی بە تەواوی هەست پێ كراوە و خەڵكی لە ماڵەكانیان هێناوەتە دەرەوە. بەگوێرەی "مێهرنیوز" بوومەلەرزەكە لە قووڵایی 10 كیلۆمەتری زەوی رووی داوە.

لە سەرەتای ئەیلوولی ئەمساڵیش بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 4.5 بە پێوانەی ریختەر لە نێوان قەسری شیرین و خانەقین لە باشووری كوردستان رووی دا. بوومەلەرزەیەكی تریش بەر لەو كاتە بە گوڕی 4.9 بە پێوانەی ریختەر، تازە ئاوای كرماشانی هەژاند و مانگی رابردوو بەهێزترین بوومەلەرزە كە لە كرماشان تۆمار كرابێت، پلەكەی نزیكەی شەش بووە كە بە هۆیەوە سێ كەس گیانیان لە دەست دا و 300 كەسی تر بریندار بوون.

لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە بوومەلەرزە بەربینگی بە كرماشان گرتووە و پسپۆڕانی زەویناسی دەڵێن ئەم بوومەلەرزانە لانی كەم تا دوو ساڵی تر بەردەوام دەبن.

بەهێزترین بوومەلەرزە لە 12ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو رووی دا كە بە هۆیەوە سەرووی 620 كەس گیانیان لە دەست دا و 12 هەزار و 386 كەسی تر بریندار بوون.



وشە - سلێمان تاشان