فیفا راپۆرتی یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیای بڵاو كردەوە

:: AM:10:10:17/10/2018 ‌

یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا) دوێنێ سێشەم بە راپۆرتێك سەرجەم داتا و ژمارە هونەرییەكانی مۆندیالی 2018ی بڵاو كردەوە كە هاوینی رابردوو لە وڵاتی رووسیا بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی راپۆرتە هونەرییەكەی فیفا دەركەوتووە هەڵبژاردەی رووسیای مێواندار لە پاڵەوانیەتییەكەدا زۆرترین كاریگەری هەبووە و هەڵبژاردەی ئەڵمانیای پاڵەوانی مۆندیالی 2014ش كەمترین كاریگەر.

هەڵبژاردەی رووسیا كە گەیشتبووە قۆناغی 8ی مۆندیال بە رێژەی 4.5 شووت و تۆپ ئاراستەكردندا بۆ سەر گۆڵی تیپی بەرامبەر گۆڵێكی تۆمار كردووە، دوای ئەویش هەڵبژاردەی فڕەنسای پاڵەوان هاتووە كە لە هەر 6 شووتدا گۆڵێكی تۆمار كردووە و هەڵبژاردەی كۆڵۆمبیاش 6.7 و هەڵبژاردەی بەلجیكاش 6.7.

هەڵبژاردەی ئەڵمانیا كە هەر لە قۆناغی كۆمەڵەكانی پاڵەوانیەتییەكە كرابووە دەرەوە، خراپترین ئاستی پێشكەش كردووە كە لە هەر 36 شووتێكدا تەنیا گۆڵێكی تۆمار كردووە، پێش ئەویش هەڵبژاردەی مەكسیك هاتووە كە بە لێدانی هەر 20 شووتێكدا گۆڵی تۆمار كردووە.

فیفا لە راپۆرتەكەدا هەروەها لێكۆڵینەوەی لە گلدانەوەی تۆپیش كردووە و لەم بوارەشدا هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە پێشەوەی سەرجەم هەڵبژادەكان بووە كە بە رێژەی 69% لە هەر یارییەكدا تۆپی لای خۆی گلداوەتەوە، ئەمە لە كاتێكدابوو كە هەڵبژاردەكە تەنانەت نەیتوانی قۆناغی كۆمەڵەكانیش تێپەڕێنێ، دوای ئەویش هەڵبژاردەی ئەڵمانیا هاتووە بە گلدانەوەی تۆپ بە رێژەی 68% و دوای ئەوانیش هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە رێژەی 64% و هەڵبژاردەكانی سعوودییە و سویسڕا 58%.

هەڵبژاردەی فڕەنسای پاڵەوان لە یارییەكانی مۆندیالدا بە رێژەی 49% تۆپی گلدابووەوە، هەڵبژاردەی كڕواتیای دووەمی پاڵەوانیەتیشەكەش رێژەی 56% تۆپی لەدەست بووە و هەروەها هەڵبژاردەكانی ئینگلتەڕا و بەلجیكاش بە رێژەی 53% تۆپیان گلدابووەوە.

خراپترین هەڵبژاردەش سەبارەت بە هێشتنەوە و گلدانەوەی تۆپ هەڵبژاردەی ئێران بووە كە تەنیا بە رێژەی 33% تۆپی لە یارییەكانی مۆندیالدا لەدەست بووە.

هەر لە راپۆرتەكەی فیفادا هاتووە بۆ هەر 29 لێدانێكی كۆڕنا گۆڵێك تۆمار كراوە، لە مۆندیالی 2010 بۆ هەر 61 كۆڕنایەك گۆڵێك تۆمار كرابوو و لە مۆندیالی 2014شدا بۆ هەر 36 كۆڕنەیەك گۆڵ هاتبووە تۆماركردن.

لە رووی ئاراستەكردنی تۆپ لە دەرەوەی لێدانی سزا لە مۆندیالی 2018 تاڕادەیەك نزمبوونەوەی بەخۆیەوە بینی بوو، بە بەراورد لەگەڵ مۆندیالی 2010 رێژەی 32% كەمی كردبوو، ئەمەش بەهۆی تۆكمە و بەهێزبوونی هێڵی بەرگری هەڵبژاردەكان بووە.

بەڵام لە رووی تۆماركردنی گۆڵ لە شوێنە دوورەكاندا مۆندیالی 2018 ئاستی باشتر بووە، ئەگەر بە رێژە هەژماری بكەین بۆ هەر 29 هەوڵێك گۆڵێك تۆمار كراوە، ئەمە لە كاتێكدابوو كە لە مۆندیالی 2014ی بەڕازیلدا بۆ هەر 42 هەوڵێك لە شوێنە دوورەكان گۆڵێك تۆمار كرابوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م