مۆدریچ: بە ژیانمدا لەتەك میسی یاری ناكەم

:: AM:10:28:17/10/2018 ‌

لوكا مۆدریچی ئەستێرەی هەڵبژاردەی كڕواتیا و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی جەختی كردەوە كە هەرچەندە لیۆنێل میسی یەكێكە لە باشترین یاریزانەكانی جیهان، بەڵام لە ژیانیدا لەتەك ئەم ئەستێرەیە لە تیپێكدا یاری ناكات.

مۆدریچ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (لیكیپ)ی فڕەنسی باسی لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی كرد كە ئەم هاوینە لێیان جیابووەوە و رووی لە یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی كرد.

مۆدریچ دەڵێت: لەگەڵ رۆناڵدۆ بۆ ماوەی 9 ساڵ لە ریزی یانەی ریال مەدرید یاریمان كرد، هەمیشە هاوڕێیەتییەكی بەهێز و رێزێكی زۆرمان بۆ یەكتر هەبووە، ئێستاش پەیوەندیم لەگەڵی ماوە و هاوڕێیەتییەكەمان تێك نەچووە.

لەبارەی میسی، كاپتنەكەی هەڵبژاردەی كڕواتیا رایگەیاند: لە دژی میسی یاریم كردووە، بەڵام هەرگیز لەگەڵیدا یاریم نەكردووە، بە دڵنیاییەوە ئەو یەكێكە لە یاریزانە هەرە باشەكان لە مێژووی تۆپی پێدا، بەڵام بەهیچ شێویەك لە تەكیدا یاری ناكەم.

سەبارەت بەو یارییانەی كە هەرگیز لەگەڵ یانەی ریال مەدرید لەبیر ناچێتەوە، مۆدریچ رایگەیاند كە 3 یاری هەڵدەبژێرێ، یەكەمیان سەركەوتنەكەیان بوو بەرامبەر یانەی یۆڤێنتۆس لە یاریی كۆتایی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بە ئەنجامی 4-1 گۆڵ، یاری دووەمیشیان یاریی سوپەری ئیسپانیای وەرزی رابردوو كە بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ لە یانەی بەرشەلۆنەیان بردەوە، سێیەمیشیان لە قۆناغی 16ی مۆندیالی 2018ی رووسیا بوو كە بە 3 گۆڵی بێ وەڵام لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتینیان بردەوە.

لە كۆتاییدا مۆدریچ رایگەیاند: بۆ بردنەوەی خەڵاتی تۆپی زێڕین (باڵۆن دۆر) وەك باشترین یاریزانی 2018ی جیهان هەردوو ئەستێرەی فڕەنسی رافایێل ڤاران و كیلیان مباپێ هەڵدەبژێرێ، چونكە ئەوان لە مۆندیالی 2018 ئاستێكی نموونەییان پێشكەش كرد، بەدڵنیایشەوە هەردوو ئەستێرە كریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل میسیش لەبیر ناكەم.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م