لە دوێنێ سێشەمەوە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و نزیكەی دۆلارێك لە نرخی هەر بەرمیلێك نەوت زیادی كردووە.
لە رۆژی یەكەمی ئەم هەفتەیەی بازاڕی بۆڕسە نرخی نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی و تەنانەت گەیشتە نزمترین ئاستی لە ماوەی سێ هەفتەدا تۆمار كرابێت، بەڵام لە دوێنێوە رووی لە هەڵكشانە و ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوت بە 81 دۆلار و 61 سەنت دەفرۆشرێت. دوێنێ 80 سەنت و ئەمڕۆكەش 10 سەنت لە نرخی نەوت بەرز بووەتەوە.
بەگوێرەی
dailyfx نرخی نەوتی تەكساسیش بەرز بووەتەوە و لە 71 دۆلار و 63 سەنتەوە بەرز بووەتەوە بۆ 72 دۆلار و 15 سەنت.
نرخی نەوت چاوەڕوانی گۆڕانكارییە سیاسییەكانی دنیایە كە لە دوو هەفتەی داهاتوودا روو دەدەن و بڕیارە ئەمەریكا لە چواری تشرینی دووەمەوە دەست بە سەپاندنی قۆناغی دووەمی سزاكانی بكات لە دژی ئێران كە بۆ سەر كەرتی نەوت و وزەیە.
ئەگەر ئەمەریكا سوور بێت لەسەر سەپاندنی سزا قورسەكە دژی ئێران و رێگری لە فرۆشتنی نەوتەكەی بكات، ئەوا نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە و تەنیا لە كاتێكدا نرخەكە ئاسایی دەبێتەوە كە وڵاتانی تر بتوانن قەرەبووی كەمیی نەوت لە بازاڕەكان بكەنەوە، لە كاتێكیشدا نرخی نەوت دادەبەزێت كە ئێران رێیەك بۆ هەناردە بدۆزێتەوە و سزاكانی ئەمەریكا پووچەڵ بكاتەوە. لەوكاتەشدا كە وڵاتی تر نەوتی زیادە هەناردە دەكەن ئاستی خستنەڕوو بەرز دەبێت.