یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە كەمپی مەشق و راهێنانەكانیان لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكانیان بۆ یاریەكانی وەرزی داهاتوو لە پارزەوینی ئاسیا دەبێت.
ماڵپەڕی فەرمی یانەی بەرشەلۆنە بڵاوی كردەوە: یانەی بەرشەلۆنە كەمپی مەشق و راهێنانەكانی وەرزی داهاتووی لە پارزەوینی ئاسیا و بەتایبەتیش لە هەردوو وڵاتی چین و ژاپۆن دەبێت.
یانەكە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا كەمپە مەشق و راهێنانەكانیان لە وڵاتی ئەمەریكا ئەنجامدابوو و لەوێش چەندان یارییان لەگەڵ یانە گەورەكانی ئەم وڵاتە و ئەوروپا ئەنجامدابوو، بەڵام ساڵی داهاتوو دەچنە چین و ژاپۆن.
یانەی بەرشەلۆنە ئەمە یەكەم جار نییە سەردانی وڵاتانی ئاسیا دەكات، پێشتر لە یارییەكانی مۆندیالی یانەكان لە ساڵی 2015 سەردانی وڵاتی ژاپۆنی كردبوو، هەروەها كەمپی مەشق و راهێنانەكانی ساڵی 2013شیان لە وڵاتەكانی تایلەند و مالیزیا ئەنجامدابوو.
سەردانەكەی ئەمجارەی یانەی بەرشەلۆنە بۆ پارزەوینی ئاسیا لە چوارچێوەی رێككەوتنەكانە لەگەڵ كۆمپانیای (راكوتین)ی ژاپۆنی كە سپۆنسەری سەرەكی یانەكەیە.