میسی ناگەڕێتەوە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین

:: AM:10:47:17/10/2018 ‌

لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بڕیاریداوە بەم زووانە نەگەڕێتەوە ریزی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی و بەشداری لە یارییەكان بكاتەوە.

ماڵپەڕی (تێك سپۆرتس)ی ئەرجەنتینی ئاشكرای كرد: میسی بڕیاریداوە جارێ بەم زووانە نەگەڕێتەوە ریزی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بۆ بەشداریكردن لە یارییەكان.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد: میسی لە یاریی داهاتووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەرامبەر هەڵبژاردەی مەكسیك یاری ناكات كە بڕیارە لە مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێ.

چەند كەسێكی نزیك لە میسی جەختیان كردۆتەوە كە ئەستێرەكە بڕیاری كۆتایی داوە ئەویش مانەوەیەتی لەگەڵ خێزانەكەی و یاریكردن تەنیا لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە.

جێی باسە میسی دوای شكستە گەورەكەیان لە مۆندیالی 2018ی رووسیا و دەكردنیان لە قۆناغی 16ی پاڵەوانیەتییەكەدا، بڕیاریدابوو تا ساڵی نوێ بەشداری هیچ یارییەكی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین نەكات و بەتەواوی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەم هەڵبژاردەیە بپچڕێنێ، تا ئێستاش دیار نییە كە دوای سەری ساڵ دەگەڕێتەوە یان رۆیشتنەكەی یەكجارییە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م