ئارام شێخ محەمەد چوار ئۆتۆمبێلی پەرلەمانی عێراق ناداتەوە

:: AM:11:06:17/10/2018 ‌
هاوشێوەی یوسف محەمەدی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ئارام شێخ محەمەد جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە خولی پێشوو چوار ئۆتۆمبێلی پەرلەمانی عێراق لای خۆی گل داوەتەوە و ئێستەیش پەرلەمان ڕەزامەندی داوە تا پێنجی ساڵی تر لای بمێنێتەوە.

بەگوێرەی نووسراوێكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە ناونیشانی ڕەزامەندی ئۆتۆمبێل كە ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی كارگێڕی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كراوە و ژمارە 163ی 28ی ئاب/ئۆگستسی 2018ی بەسەرەوەیە، تێیدا هاتووە، ئاماژە بە یاداشتێكی ئێوە بە ژمارە 501 لە ڕێككەوتی چواری تەمووز/یۆلیۆی 2018 كە وێنەیەكی هاوپێچی نووسراوەیەكە و لیستی چوار ئۆتۆمبێلتان بۆ ڕەوانە دەكەین، كە دەمانەوی لای جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران بمێنێتەوە و بەكاری بهێنێت بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو، ئەمەیش بە پشتبەستن بە بڕیاری ژمارە 74ی 20ی ئادار/مارسی 2014 كە وێنەیەكی هاوپێچ كراوە.

لە بەشێكی تری نووسراوەكە ناوی ئەو ئۆتۆمبێلانە و مۆدێل و ژمارە و ڕەنگ و ژمارەی شانسی تێدا نووسراوە، كە سێ لە ئۆتۆمبێلەكان لە جۆری لاندگرۆزەرن كە ناوە باوەكەی "مۆنیكایە" و یەكێكیشیان ئۆتۆمبێلی جۆری فۆرد ئیدجە.

وەرگرتنی چوار ئۆتۆمبێلی پەرلەمانی عێراق و هێشتنەوەی لەلایەن ئارام شێخ محەمەد جێگری پێشووی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە كاتێكدایە بزووتنەوەی گۆڕان لە سەرەتای دامەزراندنیەوە داوای نەهێشتنی گەندەڵی و بەكارهێنانی موڵكی گشتی بۆ بەرژەوەندی كەسی دەكرد، بەڵام ئێستە ئەمە بە تەواوی پێچەوانە بووەتەوە.

ئەمەش لە كاتێكدایە یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سەرەڕای ئەوەی ئێستە ئەندامی پەرلەمانی عێراقە، پێویستە دەسبەرداری سەرۆكایەتیی پەرلەمان بێ، بەڵام ئۆتۆمبێل و چەك و جبەخانەی پاسەوانەكانی كە موڵكی پەرلەمانی كوردستانن، تا ئێستە بۆ پەرلەمانی كوردستانی نەگەڕاندووەتەوە، ئەمەیش ناڕەزایی خەڵكی لێ كەوتووەتەوە و دەپرسن، گۆڕان دروشمەكانی بۆ هەڵخەڵەتاندنی ئێمە بوو، خۆیان وەك حزبەكانی تری دەسەڵات ئۆتۆمبێلی حكوومەت و دامەزراوە گشتییەكان بۆ بەرژەوەندی كەسی خۆیان داگیر دەكەن و بەكاری دەهێنن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د