نرخی لیرە لە بەرزبوونەوەدایە


نرخی لیرەی توركیا بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكی ماوەیەكە رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و گرنگترین هۆكاری ئەو بەرزبوونەوەیەش بۆ ئازادكردنی قەشە ئەمەریكییەكە دەگەڕێتەوە.

نرخی لیرەی توركیا لە بە كۆمەڵێك هۆكاری ناوخۆیی و دەرەكی ماوەیەكی درێژ بوو رووی لە دابەزین كردبوو، ئێستە رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و گەیشتووەەتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی 70 رۆژی رابردوودا تۆمار كرابێت.

بەگوێرەی چارتی ماڵپەڕی investing ئێستە هەر دۆلارێكی ئەمەریكی 5.69 لیرەیە، لە كاتێكدا مانگی رابردوو بۆ سەرووی حەوت لیرەش بەرز بووەوە. لە سەرەتای ئەم مانگەوە و لەگەڵ دەنگۆی ئازادكردنی قەشە ئەمەریكییەكە نرخی لیرە زیاتر بەرز بووەوە و ئەم بەرزبوونەوەیەش تا ئێستە بەردەوامە.

كاتێك توركیا قەشە ئەمەریكییەكەی دەستبەسەر كرد، پێوەندییەكانی ئەمەریكا و توركیا ئاڵۆز بوون و تەنانەت ئەمەریكا سزای بەسەر توركیادا سەپاند و ئەمەش بە تەواوی ئابووری توركیای خستە ژێر كاریگەری و دواجار رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا رادەستی گوشارەكانی ئەمەریكا بوو و لە هەڵوێستەكانیدا پاشەكشەی كرد.

لە دادگایەكی تەشریفاتیدا كە هەر پێشتر بڕیاری ئازادكردنی قەشە ئەمەریكییەكە درابوو، فەرمانی ئازادكردن دەركرا و ئەمەش بە سەرەتایەك بۆ ئاساییبوونەوەی پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكاو توركیا هەژمار دەكرێت.



وشە - سلێمان تاشان


AM:11:34:17/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 945 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌