رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی لە هەواڵێكی سەرنجڕاكیشدا ئاشكرای كرد كە نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی پەشیمان بۆتەوە لە جێهێشتنی ریزی یانەكەی پێشووی بەرشەلۆنەی ئیسپانی.
رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە نیمار بەتەواوەتی پەشیمان بووەتەوە یانەی بەرشەلۆنەی جێهێشتووە و چۆتە یانەی پاریس سان جێرمان، چونكە پێیوایە ناتوانێ لە خولی فڕەنسا ئامانجەكانی بەدەستبێنێ و جگە لەوەش غەریبی كەش و هەوای شاری بەرشەلۆنە و هاوڕێیە نزیكەكانی لەو یانەیەدا دەكات.
سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە گەڕانەوەی نیمار بۆ ریزی یانەی بەرشەلۆنە هەروا ئاسان نابێت، بەڵكو ئەستێرەكە دەبێت بە ئاشكرا داوای لێبوردن بكات و دان بەوەدا بنێت كە بە چوونی بۆ یانەی پاریس سان جێرمان هەڵەیەكی گەورەی كردبوو.
جگە لەوەش نیمار دەبێت خۆی داوای رۆیشتن لە ناسڕ خەلیفی سەرۆكی یانەی پاریس سان جێرمان بكات، بێگومان لەبەرامبەر ئەمەشدا رووبەڕووی پاڵەپەستۆیەكی گەورە دەبێتەوە و لەبەردەم هاندەرانیشدا بەهای جارانی نامێنێ.
جێی باسە نیمار لە هاوینی 2017 بە گرێبەستێك كە بەهاكەی 222 ملیۆن یۆرۆ بوو وەك گرانترین یاریزان لە مێژووی تۆپی پێدا ریزی یانەی بەرشەلۆنەی جێهێشت و پەیوەندی بە یانەی پاریس سان جێرمانەوە كرد.