دامەزراوەی نیشتمانی بۆ دەرمان لە كوردستان دادەمەزرێت

:: AM:11:57:17/10/2018 ‌
بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا دامەزراوەی نیشتمانی بۆ دەرمان لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێنرێت و بڕیاری سزادانی قوڕسیش بۆ قاچاخچییەكانی دەرمان دەردەچێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 17ـی تشرینی یەكەم، ڕێكەوت حەمەڕەشید وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، سیستەمی پشكنین لە بازگەكان بەردەوام بووە سەرەڕای بوونی كۆمەڵێك تەنگژە لە ڕابردوودا، بەڵام ئێستە چاودێریكردن توندتر دەبێت.

وەزیری تەندروستی گوتی، لە ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەك دروست بوو گەیشتینە كۆمەڵێك بڕیار، زیاتر هاندان بێت بۆ كەرتی تەندروستی كە بریتییە لە دامەزراوەی دەرمانی نیشتمانی %51ـی موڵكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت، %49ـی موڵكی كۆمپانیا دەبێت و بەمەش زیاتر چاودێری دەرمان دەكرێت.

وەزیری تەندروستی ئاشكرای كرد، سزای ئەو كەسانە زۆر كەمە كە دەرمانی قاچاخ دەهێننە هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەو سزایانە لەمەودوا زۆر زیاتر دەبێت و سزاكان قوڕس دەبن، بۆ داهاتوو ئەویش بە هاوئاهەنگی ئەنجوومەنی دادوەری .

سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا گوتی، هەموو هەوڵێك دەدرێت بۆ چاكتركردنی بارودۆخی دەرمان، خەڵكانێك هەن دەیانەوێ قازانجێكی زۆر بكەن لەسەر نەخۆشیی هاووڵاتییان، بۆیە بڕیارەكانی ئێستە بڕیاری چاكن ئەمەیش بەتەنیا بەس نییە، بەڵكو پێویستە چاودێریی چڕ بكرێت.

هاوكات ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران گوتی، پێنج بڕیارە واژووی لەسەر كراوە، بڕیارە و پێویستی بەهیچ لیژنە و لێكۆڵینەوەیەك ناكات، بەڵكو بڕیارە و دەزگە جێبەجێكارەكان دەبێ جێبەجێی بكەن.



وشە - رامیار جەواد