لە دهۆك دەست بە دابەشكردنی نەوتی ماڵان كرا

:: PM:02:43:13/10/2016 ‌

لە شارۆكەی ئامێدی سنووری پارێزگای دهۆك دەست بە دابەشكردنی نەوتی ماڵان كرا و بەرپرسانی خۆجێیی دهۆك چاوەڕوانی رەوانەكردنی نەوتن بۆ ناوچەكانی تری سنووری پارێزگاكە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 13ی تشرینی یەكەمی 2016 لە شارۆكەی ئامێدی سنووری پارێزگای دهۆك دەست بە دابەشكردنی نەوتی ماڵان كرا.

بەهمەن ئەحمەد بەڕێوەبەری شارەدیێ‌ دێرەلووك لە سنووری ئامێدی بە "وشە"ی راگەیاند، لە هەموو شارۆكەی ئامێدی، شارەدێ‌ و گوندەكانی دەڤەرەكە دەست بە دابەشكردنی نەوتی ماڵان كراوە و بۆ هەر خێزانێك یەك بەرمیل نەوت دابەش دەكرێت.

روونی كردەوە، دوێنێ‌ چوارشەم پلیتی وەرگرتنی نەوت بەسەر بریكارەكانی خۆراك دابەش كراوە و هاووڵاتییان دەتوانن لە بریكاری وەربگرن.
 
رزگار سدقی ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك بۆ "وشە"ی روون كردەوە، لەبەرئەوەی شارۆكەی ئامێدی ساردترین دەڤەری سنووری دهۆك پێك دێنێت، پرۆسەكە لەو شارۆكەیەوە دەستی پێ كردووە.

بەرامبەر وەرگرتنی هەر بەرمیلێكی نەوت بڕی 45 هەزار دینار لە خێزانەكان وەردەگیرێت و نزیكەی پێنج هەزار لیتر نەوت بۆ ئەو دەڤەرە دابین كراوە.


سدقی دەڵێ‌، "چاوەڕوانین وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕە نەوتی زیاتر دابین بكات تا نەوت لە ناوچەكانی تردا دابەش بكرێت، بەڵام تا ئێستە دیار نییە كەی بەشەنەوتی هاووڵاتییانی ناوچەكانی تر دەگات".

دەڤەری ئامێدی جگە لە سەنتەری شارۆكەی ئامێدی، حەوت شارەدێ‌ و زیاتر لە 250 گوند لەخۆ دەگرێت و ژمارەی دانیشتووانەكەی 75 هەزار كەس دەبێت. بەگوێرەی داتاكانی كەشناسی هەرێمی كوردستان، ساڵانە لە وەرزی زستاندا نزیكەی سێ‌ مەتر بەفر لەو سنوورەدا دەبارێت و زۆرجار بەهۆی بەفربارینی زۆر و دروستبوونی شەختە و بەستنی رێگەكان، هاتوچۆی نێوان گوندەكان و دەوامی قوتابخانە و دامەزراوەكانی تر رادەگیرێت.

وشە/ئامێدی - نەوزاد هلۆری
پێداچوونەوە: ر. ف


وشە - ڕێبین فه‌تاح