ڕاپەڕین سێ ڕۆژ بێ ئاو دەبێت

:: PM:02:54:17/10/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی یەكەی كارگێڕی ڕاپەڕین هۆشداری و ئاگاداری بە خەڵكی سنوورەكە دەدا كە بەهۆی چاككردنەوەی تۆڕەكانی كارەبا لە كوردستان، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دابەشكردنی ئاو لە دەڤەرەكە دەوەستێت.

كەریم مەحموود گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ڕاپەرین بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دانیشتووانی سنووری ڕاپەڕین ئاگادار دەكەینەوە كە بەهۆی چاككردنەوەی تۆڕەكانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان، بۆ ماوەی 72 سەعات كارەبای نیشتمانی لە سەرانسەری كوردستان دەپچڕێت، بەوهۆیەوە دابەشكردنی ئاویش دەوەستێت، خەڵكی پێویستە ئاو بۆ ئەو سێ ڕۆژە هەڵبگرن.

ئاماژەی دا، چاككردنەوەی تۆڕی كارەبای كوردستان لە سبەی پێنجشەم دەست پێ دەكات و تا ڕۆژی شەموو بەردەوام دەبێ، لە ماوەی ئەم سێ ڕۆژە كارەبای نیشتمانی لە كوردستان نابێ و دەپچڕێت، بەوهۆیەوە وێستگەكانی دابەشكردنی ئاویش دەوەستن و ناتوانن ئاو بەسەر هاووڵاتییان دابەش بكەن.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ڕاپەڕین ڕوونی كردەوە، پڕۆژەی ئاوی سنووری ڕاپەرین كە لە زێی بچووك وەرگیراوە، كارەبای نیشتمانی لێ دەپچڕێت، بەوهۆیەوە هیچ ئاوێك ناتوانرێ بەربدرێتەوە، لەبەر ئەوە داوا لە هاووڵاتییان دەكەین، ئاوی پێویست بۆ ئەو سێ ڕۆژە ئەمبار بكەن.

ڕاپەرین/شادان بەكر.



وشە - باز ئه‌حمه‌د