بەرپرسانی دوو ڕەگەزنامە..یەكێك بۆ پۆست و یەكێكیش بۆ هەڵاتن

:: PM:03:27:17/10/2018 ‌
گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق كۆتایی نەهاتووە، دوای سێ جار لە رەتكردنەوەی لە خولەكانی رابردوو، جارێكی تر پرسی هەڵگرانی دوو رەگەزنامە مشتومڕی لێ دەكەوێتەوە و سەدرییەكان پڕۆژە یاسای بۆ ئامادە دەكەن. لە كابینەكانی رابردووشدا بەشێك لە بەرپرسانی دوو رەگەزنامەیی، یەكیان بۆ دزی و وەرگرتنی پۆست بەكار هێناوە و یەكیشیان بۆ رزگاربوون لە دەست یاسا و لێپرسینەوە.

پەرلەمانتارێكی بەرەی چاكسازی "ئیسلاح" ئاشكرای دەكات، ژمارەیەك پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون كە موقتەدا سەدر سەركردایەتی دەكات، پێداگرن لەسەر ئەوەی ئەوانەی پۆستی وەزیری وەردەگرن یان هەر پلەیەكی باڵا لە حكوومەتی عێراق دەبێت تەنیا هەڵگری رەگەزنامەی عێراقی بن، نەك هاوشانی رەگەزنامەی عێراقی هی وڵاتی تریشیان هەبێت، ئەوەشی خستەڕوو كە جووڵانەوەیەك لە پەرلەمان دەستی پێ كردووە تایبەت بەو پرسە و هەوڵ هەیە بۆ دەرچوواندنی یاسایەك كە رێگری دەكات لەو كەسانەی دوو رەگەزنامەیان هەیە پۆستی باڵا لە حكوومەت وەربگرن.

زیاتر گوتی "هێشتا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو پرسە روون نەكردووەتەوە، بەڵام ئەو پەیامە گەیشتووە پێی كە ئاسان نییە كابینەكەی دەنگی لە پەرلەمان پێ بدرێت ئەگەر وەزیرەكانی هەڵگری دوو رەگەزنامە بن، كە بەشێك لەوانەی دوو رەگەزنامەیان هەیە، لە رابردوودا رۆڵی خراپیان گێڕاوە لە بەڕێوەبردنی عێراق".

ئەوەشی گوت، "لەوە تێدەگەین كە رێگریكردن لەوانەی دوو رەگەزنامەیان هەیە پۆست وەربگرن ئاسان نییە، چونكە بەشێك لە سەركردەی حزبەكان خۆیان دوو رەگەزنامەیان هەیە، بۆیە پێ دەچێ ئەو پرسە مشتومڕێكی زۆری لەناو پەرلەمان لێ بكەوێتەوە".

جەواد مووسەوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون داوا دەكات رێگری بكرێت لە پێدانی پۆست بەوانەی دوو رەگەزنامەیان هەیە، دووپاتی كردەوە كە دەستووری عێراقی رێ بەو خاوەن دوو رەگەزنامانە نادات پۆستی سەروەری و تەناهی و گرنگ وەربگرن.

پرسی دوو رەگەزنامەكان لە دەمی پێكهێنانی كابینەكانی رابردووی حكوومەتی عێراق، هەمیشە مشتومڕی لەسەر هەبووە، بەڵام زیاتر هاشوهوش و گوشاری سیاسی بووە.

لە كابینەی دووەمی مالیكی ساڵی 2013، ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژە یاسایەكی تایبەتی لەسەر هەڵگرانی دوو رەگەزنامە ئامادە كرد، بەڵام نەك هەر پەسندی نەكرد، بەڵكو لە خولی رابردوو حەیدەر عەبادی كە كرا بە سەرۆك وەزیران، خۆی جگە لە رەگەزنامەی عێراقی، ئەوا رەگەزنامەی بەریتانیشی هەیە.

بۆ ئەو خولەی ئێستە كە عادل عەبدولمەهدی هاتووەتە راسپاردن، داوای كردووە كە لەسەر هەموو حزب و لیستە سیاسییەكان بكرێتە مەرج كە كەسانێك كاندید نەكەن كە دوو رەگەزنامەی هەبێت، ئەمە لە كاتێكدایە بەگوێرەی زانیارییەكان عادل عەبدولمەهدی جگە لە رەگەزنامەی عێراقی، ئەوا رەگەزنامەی فڕەنسیشی هەیە و دیاریش نییە لەو كاتەی دەنگ بە كابینەكەی دەدرێت دەستبەرداری دەبێت یان نا؟

 جێی باسە ورووژاندنی ئەو پرسە لە ماوەی نۆ ساڵی رابردوو لە كاتێكدایە بەگوێرەی زانیارییەكان، 15 كەسایەتی كە پۆستی هەستیار و باڵایان هەبووە لە حكوومەتەكانی رابردووی عێراق، رەگەزنامەی دووەمیان هەبووە كە دیارترینیان فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراق رەگەزنامەی بەریتانی هەیە، سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمان رەگەزنامەی قەتەڕی هەیە، هاوكات ئیبراهیم جەعفەری و بەها ئەعرەجی و سالح موتڵەگ رەگەزنامەی بەریتانییان هەیە.

پێشتریش ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشكرای كردبوو كە لە كۆی 66 باڵوێزی عێراق لە وڵاتانی بیانی، ئەوا 32یان رەگەزنامەی بیانییان هەیە، ئەمەش لە كاتی خۆیدا مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

جێی باسە لە دیوە یاسایییەكەی ئەوانەی جگە لە رەگەزنامەی عێراقییان هەیە، بۆیان دەبێ بە پارێزبەندییەك لە هەر لێپرسینەوەیەكی یاسایی پێوەند بە گەندەڵی یان تێوەگلانی لە گەندەڵی كارگێڕی و دارایی، پێشتریش زۆر لە بەرپرسانی عێراقی بەهۆی رەگەزنامەی بیانی توانییان خۆیان لە لێپرسینەوەی یاسایی رزگار بكەن كە تۆمەتبار كرابوون بە گەندەڵی، لەوانە ماجید نەسڕاوی پارێزگاری پێشتری بەسڕە لە ساڵی رابردوو، ئەگەرچی بڕیاری رێگرتنی بۆ دەرچوون لە عێراق بۆ دەرچوو بوو بەهۆی دۆسیەكانی گەندەڵی.

جگە لە پارێزگاری بەسڕە، ئەوا زۆر لەو بەرپرسانەی دوو رەگەزنامەیان هەیە، توانییان بەهۆی رەگەزنامەی دووەم خۆیان لە لێپرسینەوەی یاسایی بەدوور بگرن، لەوانە وەك وەزیری بازرگانی و بەرگری و كارەبا و زۆر لە وەزیرەكانی تریش.

 پێوەند بەو پرسە عەلی حەیدەری مامۆستای زانكۆی بەغدا كۆلیژی یاسا دەڵێ، لە مادەی 18ی دەستوور ئەوە روون كراوەتەوە كە نابێت ئەوانەی دوو رەگەزنامەیان هەیە پۆستی باڵا و هەستیاری سەروەری و تەناهی وەربگرن. گوتی "لە دەستووردا مەرج لەسەر ئەوانەی دانراوە كاتێك ئەو پۆستانە وەردەگرن، دەبێت دەستبەرداری رەگەزنامەی بیانی ببن".

جێی باسە ساڵی 2009 ژمارەیەك لە پەرلەمانتار پڕۆژە یاسای رێگریكردن لە دوو رەگەزنامەكانیان پێشكەش بە پەرلەمان كرد، بەڵام رۆشنایی بەخۆیەوە نەبینی، جارێكی تر ساڵی 2013 پێشكەشیان كردووە، دیسان بەرژەوەندی سەركردە باڵاكانی حزبەكان رێگر بوون لەوەی رۆشنایی ببینێت، بۆ جاری سێیەم ساڵی 2017 پێشكەشیان كردەوە، ئەوجار لەناو پەرلەماندا رووبەڕووی رەتكردنەوەیەكی توند بووەوە لەلایەن ژمارەیەك لە هێزە سیاسییە بڕیاربەدەستەكان، ئەمە بۆ جاری چوارەمە هەندێك لە پەرلەمانتاران خستیانەوە بەرباس كە هاوكاتە لەگەڵ ویستی عادل عەبدولمەهدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ لە كەسانی تەكنۆكرات و سەربەخۆ.

محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، دەڵێ داوای لە ئەندامانی پەرلەمان كردووە كە پڕۆژە یاسایەك ئامادە بكەن كە كاندیدەكان ناچار بكات لەو كاتەی پۆستی حكوومی وەردەگرن، ئەوا دەبێت دەستبەرداری رەگەزنامەی دووەمیان ببن.



وشە - فه‌رمان سادق