پلانی ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی سزاكانی ئەمەریكا چییە؟

:: PM:05:30:17/10/2018 ‌

لەماوەی رۆژانی دوایی مانگی سێپتێمبەری رابردوو پەرەسەندنی پرسەكانی پێوەست بە ئێران سێ وێستگە بەخۆیەوە بینی، یەكەمیان ئەو هێرشە بوو بۆ سەر نمایشێكی سەربازی سوپای پاسداران لە ئەهواز و دواتر راگەیاندنی دەربازبوونی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس لە هەوڵێكی كوشتن لە عێراق و سێیەمیش هێرشە مووشەكییەكەی ئێران بۆ سەر ئامانجەكانی داعش لە ناوچەی ئەلبووكەمالی سووریا وەك تۆڵەسەندنەوە بۆ قوربانیانی هێرشەكەی ئەهواز.

ئەو سێ وێستگە هاوكات جیاواز و پێوەندیدارن بەیەك، چونكە مووشەكبارانكردنی ئامانجەكانی داعش راستەوخۆ پێوەندی بە تۆڵەسەندنەوە بۆ هێرشەكەی ئەهواز بوو كە تیایدا نزیكەی 30 سەرباز و ئەفسەری سوپای پاسداران كوژران، ئەگەرچی وێستگەی دووەم بە پووچەڵكردنەوەی هەوڵی كوشتنی قاسم سلێمانی لەوانە جیاوازە.

لەگەڵ ئەوەیش هەرسێ وێستگەكە شتێكی هاوبەش لە نێوانیان دەشارنەوە، ئەویش لە چوارچێوەی دووبارە بەرهەمهێنان و داڕشتنەوەی بنەماكانی ململانێ لە ناوچەكە دێن لەلایەن ئێران لەسەر بنەمایەكی مەزەوی (شیعی-سوننی)، كە لە هەرسێ وێستگەكەی سەرەوە لە ئەهواز كە ناوچەیەكی سوننەیە و هەوڵی كوشتنی قاسم سلێمانی لە پارێزگای سەڵاحەدینی سوننەنشین و تێپەڕبوونی مووشەكەكانی ئێران بەرەو سووریا بەسەر تكریت بەرەو ئامانجەكانی داعش، لە هەرسێ وێستگە دوژمنەكە سوننەیە.

لای زۆرێك لە شرۆڤەكاران هەرسێ وێستگە جێی گومانن، چونكە لە یەكەم وێستگە دەبوایە وەڵام و تۆڵەسەندنەوەی ئێران لەدژی سوننەی ئێران لە ئەهواز و بلوشستان بووایە و مووشەكەكانیش بەرەو ئیمارات و سعوودیە ئاراستەبان كە بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئێرانی ئەو وڵاتانە لەپشتەوەی هێرشەكەن، دواتر راگەیاندنی پووچەڵكردنەوەی هەوڵی كوشتنی قاسم سلێمانی لە تكریت كە ناوچەیەكی سوننەنشینە لەلایەن گرووپەكانی سەر بە سعوودیە و مووشەكبارانكردنی داعش لە سووریا، دووپاتی بوونی ئەو ستراتیجییەی ئێران دەكەنەوە. 

كاردانەوەی ئێران لە بەرانبەر هێرشەكەی ئەهواز و دەستەواژەكانی ئێران كە بەكاری هێنا لە وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە، ئاماژە ن بۆ ئەوەی سەرانی ئێران كە ئەوان ئەمەریكا و بنكە سەربازییەكانی لە ناوچەكە ناكەنە ئامانج، تەنانەت سەرەڕای هێرشە بەردەوامەكانی بۆ سەر بنكەو سەربازییەكانی ئێران و میلیشیاكانی پاڵپتشیان دەكات لە سووریا ئیسرائیلیش ناگرێتەوە، ئەوەیش چونكە ئێران باش ئاستی وەڵامدانەوەی ئەمەریكا بۆ هەر هێرشێكی ئێران دەزانێت، لەوانەیش بنكە و سەربازانی ئەمەریكا لە عێراق. 

سەركردایەتی ئێران باش دەزانن كە ژوورە داخراوەكانی بڕیاردانی ئەمەریكا كە بە بەردەوام رای دەگەینن كە ئەوان بەو سزایانەی بەسەر ئێرانیان سەپاندووە تەنیا دەیانەوێت هەڵسوكەوت و رەفتارەكانی ئێران لە ناوچەكە راست بكەنەوە، بەتایبەتی لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمی و مووشەكی و دەستوەردانی لە كاروباری ناوچەكە و بەرپرسیارەتی لە پاڵپشتیكردنی تیرۆر، بەڵام ئەمەریكا بەپێی سیناریۆی رووخاندنی رژێمی ئێران لە ناوخۆی ئەو وڵاتەوە كار دەكات، ئەویش لە رێگەی راپەڕینێكی جەماوەری پێوەندیدار بە ناڕەزایەتییەكانی ئێران، چونكە گەلانی ئێران توانای بەرگەگرتنی لێكەوتی سزاكانیان بەهۆی دابەزینی بەهای دراوی ئێران و بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و نرخەكان نییە.

لە هەردوو بواری دەرەكی و ناوخۆییدا رەتكردنەوەی رەوت و سیاسەتەكانی سەرانی ئێران بەرجەستە كراوە، هەر لەو خۆپێشاندانانەی لە كۆتاییەكانی 2017 كە تیایدا درووشم لەدژی هەردوو رەوتی ریفۆرمخواز و توندڕۆكان و مردن بۆ خامنەیی و رووحانی و داوای پاشەكشە لە سووریا و عێراق و وەستاندنی پاڵپشتی دارایی بۆ حزبوڵای لبنانی و بزووتنەوەی حەماس بەرزكرایەوە و دواتر ناڕەزایەتییەكان لە زۆرینەی پارێزگاكانی ئێران و لە كەرتە جیاوازەكان دووبارە بووەوە.   

ناڕەزایەتییەكانی ئێران بەتایبەتی لەو ناوچانەی لەسەر لایەنگرانی شۆرشی ئیسلامی ئێران و مەزەوی شیعە حسێبە، قەبارەی ئەو مەترسییەی پێشان دا كە سەرانی ئێران رووبەڕووی دەبنەوەو ئاماژەكانی ئەو مەترسییەیش زیاتر بوون لەدوای گۆڕانكارییەكانی بەسەر عێراقداهات لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی دوایی و شكستی لایەنگرانی ئێران لە بەدەستهێنانی زۆرینە، جیا لە خۆپێشاندانەكانی پارێزگا شیعەنشینەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بەتایبەتی لە بەسڕە و نەجەف كە لە رووی مەزەوییەوە لەسەر ئێران حسێبن.  

پەرەسەندنەكانی دوا سێیەكی مانگی ئەیلوولی رابردوو دووپاتی دەكەنەوە كە ستراتیجیەتی سەرانی ئێران لەسەر بنەمای گەرمكردنی ماملانێی تایفی لە ناوچەكە لەسەر بنەمای مەزەوی (شیعە-سوننە)، بنیات نراوە و گریانەكەی حەسەن نەسروڵایش بەم دواییە لە رۆژی عاشوورا بەدەر نییە لەو ستراتیجیەتە كە هەموو ئەوانە دووپاتی دەكەنەوە كە تەوەری بژارەكانی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی لێكەوتەی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەری و رێگرتن لەهەر شۆرشێكی جەماوەری بۆ رووخاندنی رژێمەكەی، بەتایبەتی دوای جێبەجێبوونی دووەم گەڕی سزاكان لە تشرینی دووەمی داهاتوو كە كەرتی نەوتی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە، بەو ئاراستەیە دەبێت.  

سەركەوتن و شكستهێنانی ئەو ستراتیجیەتەی ئێران دیار نییە، بەڵام پێویستی بە كردەیەكی جۆری هەیە لە دژی شیعەی چەند ناوچەیەكی دنیا لەوانە لە عێراق و ئەفغانستان و وڵاتانی كەنداو وەك سعوودیە و بەحرێن لەلایەن داعشەوە، بۆیە بوونی پێوەندی نهێنی نێوان سەرانی ئێران و ئەو رێكخراوە توندڕۆیانەی وەك داعش سیناریۆكەی سەرانی ئێران ئاسانتر دەكەن. 

گەرمكردنی ململانێی مەزەوی لە ناوچەكە بەپێی پلانەكانی ئێران، جیا لەوەی مانای لەدەستدانی بژارەكانی سەرانی ئێرانە لە بەرانبەر سزاكانی ئەمەریكا و نكووڵیكردنە لە هۆكارە راستەقینەكانی سزاكان كە گۆڕینی رەفتار و ئاكاری ئێرانە لە ناوچەكە، بەڵام پێویستی بە هۆشیاری و وریایی تەناهی هەیە بۆ ئەو پلانانە و ئامادەسازی بۆیان لە رووی سیاسی و سەربازی و تەناهی وراگەیاندنەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل