گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان بە هۆكاری لەدەستدانی سەتان كەس لە هۆزە عەرەبییەكانی ئەو ناوچانە تۆمەتبار دەكات و رای دەگەیەنێت كە لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان و ناودەوڵەتی سكالا لەدژی ئەو حزبە تۆمار دەكەن.
موزاحم ئەحمەد حوێت، گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەكانی نەینەوا لەو بارەوە رای گەیاند كە هۆزە عەرەبییەكان پەنا بۆ دادگاكانی هەرێمی كوردستان و نێودەوڵەتی دەبات لەبارەی شوێنبزربوونی 400 كەس لە ئەندامانی ئەو هۆزانە لە ناوچە كێشەلەسەرەكان لە 16ی ئۆكتۆبەری پارساڵ و سكاڵای یاسایی لەدژی یەكێتی تۆمار دەكەن.
زیاتر گوتی، یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان بەرپرسیارەتی شوێنبزركردنی 400 كەس لە هۆزە عەرەبییەكان لەئەستۆ دەگرێت بەهۆی ئەو خیانەتەی لە 16ی ئۆكتۆبەری پارساڵ كردی بە رادەستكردنەوەی ئەو ناوچانە بۆ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی.
حوێت دووپاتی كردەوە كە داوا لە یەكێتی دەكەن چارەنووسی ئەو شوێنبزركراوانە ئاشكرا بكات، ئەگەرچی پێشبینی كرد كە بەدەستی حەشدی شەعبییەوە ئەوان كوژرابن، هاوكات داوای لە رێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق كرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی هۆزە عەرەبییەكان و ئاشكراكردنی چارەنووسی رۆڵەكانیان لەبری ئەوەی تۆمەت ببەشێتەوە.