عادل عەبدولمەهدی هەفتەی داهاتوو كابینەی حكوومەت رادەگەیەنێت

:: PM:07:09:17/10/2018 ‌

دوو هەفتە مۆڵەتەكەی عادل عەبدولمەهدی بۆ هێزە سیاسییەكان كۆتایی هات و ئەوانیش كاندیدەكانیان پێشكەش كردووە، چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو كابینە نوێیەكە بچێتە پەرلەمان بۆ متمانەوەرگرتن، بەڵام سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن رێككەوتن لەگەڵ هیچ لایەنێك نەكراوە و حكوومەتە ئەلكترۆنییەكەیش بووەتە مۆتەكە بۆ هێزە سیاسییەكان، سوننەش هەڕەشەی ئۆپۆزسیۆنبوون دەكەن.

ئێوارەی دوێنێ تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزە سوننەكان لە ماڵی محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەسەر پرسی بەشداریكردن لە حكوومەتی نوێ و دابەشكردنی پۆستەكان كۆبوونەوە، وێڕای هۆشداریان بە عەبدولمەهدی لەسەر ئەوەی رێز لە قەبارەی كەسایەتی خۆی بگرێت لە دەستنیشانكردنی وەزیرەكان لەو چوارچێوەی ئەو ناوانەی پێشكەشی دەكرێت، ئەوان هەڕەشەی بوون بە ئۆپۆزسیۆنیش دەكەن ئەگەر هاتوو پێداگیر بێت لەسەر دانانی وەزیرەكانی حكوومەت لەسەر بنەمای ئەو (سی ڤی)یانەی لە رێگەی ئیمەیڵەوە بە دەستی گەیشتووە، دەڵێن پەرلەمانتارە سوننەكان دەنگ بەو كاندیدانە نادەن كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو پێشكەشی دەكات لە دانیشتنی دەنگدان بە كابینەی حكوومەت كە موقتەدا سەدر پشتگیری دەكات.
 
فالح عیساوی، سەركردە لە هاوپەیمانی میحوەر لەبارەی كۆبوونەوەی شەوی رابردووی هێزە سوننەكان دەڵێت، ئەگەر هەیە بەشداری لە حكوومەتی داهاتوو نەكەین، ئەگەر سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بەردەوام بێت لەسەر شێوازی تایبەتی خۆی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.
 
كۆبوونەوەكە كە سەعات هەشتی شەوی رابردوو تا سەعات دووی بەرەبەیان بەردەوامی هەبووە و لە كۆی 74 پەرلەمانتاری سوننە، 68یان ئامادە بوون جگە لە ئوسامە نوجێفی، تەڵال زەوبەعی، خالید مەفرەجی و خالید عوبێدی و دوو پەرلەمانتاری تر، پرسی سەرەكیش دەستنیشانكردنی كاندیدانی سوننە بووە بۆ ئەو شەش وەزارەتەی بەریان دەكەوێت لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی لە كۆی 22 وەزارەت كە 12یان بۆ شیعەكان و شەش بۆ سوننە و سێ بۆ كورد و ئەوانی تریش بۆ پێكهاتەكانی توركمان و مەسیحی. بەگوێرەی زانیارییەكانیش لە ماوەی 48 سەعاتی رابردوودا هێزە سوننەكان پۆستی وەزارەتەكانیان لەنێوان خۆیان دابەش كردووە و لەسەر ئەو پرسە رێككەوتنیان كردووە.

عیساوی دەڵێت، سوننەكان ئامادەن 30 كاندید پێشكەش بكەن، ئەگەر عەبدولمەهدی هەموویانی رەتكردەوە ئەوا 30 كاندیدی تر ئامادەیە، بەڵام رازی نابین سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بە ئارەزووی خۆی حكوومەت پێكبێنێت و حیساب بۆ سوننەكان نەكات.

عیساوی ئاشكرای كرد كە قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆ، عادل مهەودر وەزیری شارەوانییەكانی پێشتر، عەلی شوكری وەزیری پلاندانان و پەرلەمانتاری ئێستە، ساڵح حەسناوی وەزیری پێشتری تەندروستی و سابت عەباسی و جەسام درباس كە دوو كەسایەتی توركمانین.

زیاتر گوتی، "ئەو ناوانە هێزە سیاسییەكان دەیانناسن كە بە پەرۆشەوە كار بۆ بەرەژەوەندییەكانی ناوچە ئازاد كراوەكان دەكەن، بەڵام تا ئێستە گفتوگۆ لەسەر هیچ ناوێك نەكراوە بۆ وەرگرتنی وەزارەت لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی".

پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ و دەستنیشانكردنی وەزیرەكانی، لە كاتێكدایە ئەمڕۆ چوارشەم ئەو ماوەیە كۆتایی هات كە عادل عەبدولمەهدی دەستنیشانی كرد بوو بۆ هێزە سیاسییەكان تا ناوی كاندیدەكانیان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتەكان رەوانە بكەن.

عامر فایز، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە دەڵێت، عادل عەبدولمەهدی 15 رۆژ مۆڵەتی بە حزب و لیستەكان دابوو، ئەمڕۆ چوارشەم ماوەكە كۆتایی هات و هێزە سیاسییەكانیش ناوی كاندیدەكانیان داوە بە عەبدولمەهدی.

زیاتر گوتی، "پێدانی ناوی كاندیدەكان مانای ئەوە نییە رەزامەندی لەسەر دراوە، رەنگە سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو لەوان یەكێك دەستنیشان بكات یان رەتیان بكاتەوە".

چاوەڕوان دەكرێت كۆتایی هەفتەی داهاتوو 25ی ئۆكتۆبەر، عادل عەبدولمەهدی كابینەی حكوومەتەكەی بباتە پەرلەمان بە مەبەستی متمانەوەرگرتن.

بەگوێرەی زانیارییەكان تا ئێستە عەبدولمەهدی بژاردەی دەستلەكاركێشانەوەی لە بەرنامەیدا نەسڕیوەتەوە، ئەگەر هەیە لە دوا چركەدا بكشێتەوە ئەگەر گوشاری هێزە سیاسییەكان لە پێكهێنانی حكوومەت لەسەری بەردەوام بێت بۆ تێپەڕاندنی ناوی كۆمەڵێك كاندید و سەپاندنی ئەجێندای حزبی بەسەریدا، ئەمە لە كاتێدایە عەبدولمەهدی پێی نایە هەفتەی سێیەم، واتە 15 رۆژی یەكەمی لە ماوەی مانگێكی دەستووری بۆ پێكهێنانی حكوومەت تەواو كردووە بێ ئەوەی هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ هیچ لایەنێك كرا بێت جگە لە دابەشكردنی كورسییەكان بەسەر پێكهاتەكان نەبێت، كە كۆی گشتیی هەوڵەكانی  پێكهێنانی حكوومەت بە دوور بووە لە دنیابینی عەبدولمەهدی، لای خۆیەوە موقتەدا سەدر سەركردەی هاوپەیمانی سائیروون لە رێگەی تویتەكانی بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ رێگرتن لە هێزە سیاسییەكان لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بە كۆمەڵێك ناو كە پێشتر ئامادە كراون.


لەگەڵ ئەوەی حزبەكان پێداگیری دەكەن لەسەر دانانی وەزیرەكان بەپێی پشكپشكێنە و عەبدولمەهدیش پێداگیرە لەسەر حكوومەتی تەكنۆكرات و سەربەخۆ، لەسەر ئەو پرسەیش ناكۆكی لەنێوانیان هەیە، ئەگەری هەیە رێگە چارەی مامناوەند بێتە پێشەوە، ئەویش بە دانانی لیژنەی دانوستاندن لەگەڵ عەبدولمەهدی و پێشكەشكردنی ناوی وەزیرەكان.

بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو شێوازەی كە پێشكەشكراوە وەك چارەسەری مامناوەند هەروەك عەبدوڵا زەیدی سەركردە لە رەوتی حكمە، دەڵێ كۆكردنەوەی هەرسێ بژاردەی دەستنیشانكردنی وەزیرەكانە، شێوازی عەبدولمەهدی كە خستنەڕووی ئیمەیلەكان بوو، لەگەڵ شێوازی حزبەكان، یانیش هەڵبژاردنی كەسانی گونجاو لە دەرەوەی ئیمەیڵەكان لەلایەن عەبدولمەهدی كە بەلایەوە كەسانی گرنگ بۆ ئیدارەدانی وڵات.

زەیدی ئاشكرای كرد كە هاوپەیمانی چاكسازی پشتگیری لە بژارەی عەبدولمەهدی دەكات بۆ پێكهێنانی حكوومەت و لەو هەنگاوەش پەشیمان نییە و پاشەكشەیش ناكات، زیاتر گوتی، "بەڵام ئەوەیش دەزانین كە حزبەكان دەستبەرداری دەستكەوتی هەڵبژاردن نابن".


لەماوەی 24 سەعات زیاتر لە 15 هەزار عێراقی (سی ڤی)ی خۆیان پێشكە بە حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی كرد، لە قۆناغی یەكەمدا تەنیا 601 كەس ماونەتەوە بۆپڕ.

كامل دلێمی، یەكێكە لەو كەسانەی ئیمەیلی پڕ كردووەتەوە، دەڵێ لە نووسینگەی عەبدولمەهدی پێوەندی پێوەكراوە كە ناوەكەی چووەتە قۆناغی دووەم. هاوكات یاسین عوبێدی، پەرلەمانتاری پێشووتر و كاندید لەسەر پارێزگای كەركووك دەڵێت كە لە نووسینگەی عەبدولمەهدییەوە پێوەندی پێوە كراوە كە ناوی چووەتە لیستی قبووڵكراوانی ئەلیكترۆنی.

دلێمی كەسایەتییەكی سوننەیە و پێشتر ئەفسەر بووە لە سوپای عێراق و بڕوانامەی دكتۆرای هەیە لە راگەیاندنی نێودەوڵەتی، سەرۆكی لیستی راستكردنەوە بووە و خۆی بۆ هەڵژاردنی پەرلەمانی عێراق كاندید كرد بوو، ئەو دەڵێت كە خۆی بۆ پۆستی وەزیری بەرگری كاندید كردووە و تیمەكەی عەبدولمەهدیش پێیان راگەیاندووە تەواوی ئەو 610 كەسەی قبووڵكراون بڕوانامەی دكتۆرایان هەیە.

دلێمی پێدەچێ عادل عەبدولمەهدی بە حكوومەتی ئەلكترۆنی هەموو لیستەكان شۆك بكات، ئەگەریش لە پەرلەمان ئەو حكوومەتە رەت بكەنەوە، ئەوا بەرپرس دەبن بەرانبەر بە گەل، زیاتر گوتی، "ئەوانەی لە لیستەكان كاندید دەكرێن ناتوانن ببن بە نوێنەری عێراقییەكان، چونكە ناتوانن لە خواستی حزبەكانیان بچنە دەرەوە و هەمیشە لە ژێر سایەی حزبەكانیان دەمێننەوە و ناچنە ژێر سایەی عێراق، ئەمەیش وادەكات ئەو كەسە ببێتە كەسێكی گەندەڵ.
 



وشە - فه‌رمان سادق