بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی راپەڕین ئاشكرای دەكات كە بەپێی ئەنجامی سەرەتایی لێكۆڵینەوەكان، هۆكاری گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتییەكەی گوندی مەمكانی سنووری پشدەر، ژەهراویبوونی خۆراك بووە.
تەها محەمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەكە ئەمڕۆ چوارشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا ئەندامانی خێزانێكی دانیشتووی گوندی مەمكان تووشی نەخۆشی هاتن و بەهۆیەوە دوو كەسیان گیانیان لەدەست دا.
زیاتر گوتی، بۆ زانینی هۆكاری رووداوەكە چەند جارێك تیمی تەندروستی راپەڕین و سلێمانی سەردانی گوندەكەیان كرد و پشكنینیان ئەنجام دا.
گوتەبێژی تەندروستی راپەڕین ئەوەیشی خستەڕوو، بەپێی ئەنجامی سەرەتایی پشكنینەكان نەخۆشییەكە بەهۆی ژەهراویبوونی خۆراكی ماڵەكە بووە، بەڵام دیار نییە كە خۆراكەكە ژەهراوی كراوە یان بەهۆی تێكچونییەوە ژەهراوی بووە.
گوتەبێژی تەندروستی راپەڕین دڵنیایی دا بە هاووڵاتییانی سنوورەكەی كە نەخۆشییەكە گوازراوە نییە و بەنیازن جارێكی تر پشكنین بۆ نەخۆشەكان ئەنجام بدەنەوە و لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەنجامی كۆتایی و فەرمی بۆ هەموو لایەك ئاشكرا بكەن.
ڕاپەڕین/ شادان بەكر