لە هەنگاوێكی نوێدا بە ئاراستەی هێوركردنەوەی ململانێ و تەنگژەی بازرگانی، ئەمەریكا بە رێككەوتنێكی نوێوە لە دەرگای ژاپۆن و بەریتانیا و یەكێتی ئەوروپا دەدات، چینیش لە دەرگای واشنتن دەدات بۆ چارەسەرێكی مامناوەند لەسەر تەنگژەی بازرگانی نێوانیان.
ئەمەریکا.. سازش بۆ هاوپەیمانانی دەکات
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا فەرمان بە رۆبەرت لایتهایزر، بەڕێوەبەری نووسینگەی بازرگانی ئەمەریكی دەدات كە هەوڵەكانی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا، بەریتانیا و ژاپۆن بە جیا دەست پێ بكات، لەسەر رێككەوتنێكی نوێی بازرگانی لە نێوانیان، بۆ ئەمەیش لایتهایزر ئەمڕۆ چوارشەم 17ی ئۆكتۆبەر ئەو پرسەی لەگەڵ كۆنگرێسی ئەمەریكی تاوتوێ كرد.
ئەو هەوڵە تاك لایەنەی ئەمەریكا بۆ هێوركردنەوەی تەنگژەی بازرگانی لەگەڵ ئەو سێ لایەنە، لە كاتێكدایە هێشتا ژاپۆن و بەریتانیا و یەكێتی ئەوروپا، وەڵامی ئەمەریكایان نەداوەتەوە كە رەزامەند دەبن بچنە وەها دانوستاندنێك لە بارەی رێككەوتنی دوو لایەنە، كە ئەمەریكا ئامادەیە ئامانجی دانوستاندنەكە 30 رۆژ پێش دەست پێكردنی دانوستاندن بە فەرمی ئاشكرا بكات.
راگەیاندنی ویستی ئەمەریكا بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتانە لە كاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی سەپاندنی باجی گومرگی توند دەدات لەسەر هەر وڵاتێك كە نەیەوێت بازاڕەكانی بە رووی كاڵای ئەمەریكی بكاتەوە، ئەمەیش هاوكاتە لەگەڵ لێكۆڵینەوەیەك كە وەزارەتی بازرگانی ئەمەریكی سەرقاڵی ئەنجامدانیەتی لەسەر سەپاندنی سزای زیاتر لەسەر سێكتەری پیشەسازی ئۆتۆمبێل كە ترسی خستووەتە یەكێتی ئەوروپا و ژاپۆن بەو پێیەی پیشەسازی ئۆتۆمبێل سێكتەرێكی سەرەكییە لە ئابووری جیهانی.
بازرگانی ئازاد، یەكێكە لە دیارترین ئەو پرسانەی كە وڵاتان زۆر بە وریاییەوە دەچنە ناو رێككەوتنەكانی، تا ئێستەش فڕەنسا پێداگیرە لەسەر ئەوەی كە دانوستاندنەكان سێكتەری كشتوكاڵ نەگرێتەوە و ترسی گەڕانەوە و كارپێكردنی رێككەوتنی هاوبەشی بازرگانی و وەبەرهێنانی كیشوەربڕی هەیە كە لەو كاتەی دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، سڕ كراوە، ترسی ئەوروپییەكان لەو رێككەوتنە بۆ هاوردەی گۆشتی ئەمەریكی دەگەڕێتەوە كە پڕن لە هۆڕن.
بەرپرسی نووسینگەی بازرگانی ئەمەریكا دەڵێ پێوەندی ئابووری نێوان ئەمەریكا و یەكێتی ئەوروپا بەلای ئەمەریكا زۆر گرنگە و لە هەمانكاتدا زۆریش ئاڵۆزە كە قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوانیان دەگاتە ترلیۆنێك و 100 ملیار دۆلاری ساڵانە.
لەگەڵ ئەو قەبارە گەورەیەی بازرگانی لە نێوانیاندا، بەڵام هەناردەكارە ئەمەریكییەكان لە سێكتەرە سەركییەكان دەڵێن رووبەڕووی رسوماتی گومرگی دەبنەوە بەهۆی جیاوازی تەرازووی نێوان ئەمەریكا لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا.
لایتهایزر لە كۆبوونەوەی لەگەڵ كۆنگرێسی وڵاتەكەی ئاشكرای كرد هەر كاتێك بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا بێتە دەرەوە كە بڕیارە لە 29ی ئادار/ مارسی 2019، كۆتایی پێ بێت، ئەوا واشنتن ئامادەیە بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەریتانیا.
جێی باسە ئەمەریكا و بەریتانیا یەكەم و پێنجەمین گەورە ئابووری جیهان بەدوای یەكدا پێكدێنن، جگە لە پێوەندییە سیاسی و سەربازییەكەی نێوانیان، ئەوا رێككەوتنی بازرگانی نێوانیان پێوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەهێزتر دەكات، بەتایبەت ئەگەر هەردوولا رێككەوتن لەسەر رەتكردنەوەی رسوماتی گومرگی، بەڵام تا ئێستە لەندەن و بڕۆكسل لە دانوستاندنەكانیان لەبارەی برێگزت رێك نەكەوتوون.
پێوەند بە ژاپۆن، دانوستاندنە سەرەتاییەكان لەنێوان نوێنەری بازرگانی ئەمەریكا و وەزیری ئابووری ژاپۆن لە مانگی ئابی رابردوو دەستی پێ كردووە.
ئەگەرچی ئەوكات هەردوولا رایانگەیاند كە بۆچوونەكانیان لە یەكترییەوە نزیكە و تۆكیۆ مەبەستییەتی رێككەوتنێكی فرە لایەن لەگەڵ ئەمەریكا ئەنجام بدات هاوشێوەی هاوبەشی زەریا هێمن بڕ كە ئەمەریكا سڕی كردووە و ژاپۆنیش هەوڵدەدات هاوبەشیەكە بگەڕێنێتەوە.
لایتهایزر دەڵێ، قەبارەی بازرگانی نێوانیان 30%ی كۆی گشتی بەرهەمهێنانی ناوخۆی جیهانی پێكدەهێنێت، زیاتر گوتی، "ژاپۆن بۆ ئەمەریكا گرنگە، بەڵام بازاڕەكەی وەك پێویست بۆ كاڵای ئەمەریكی كراوە نییە".
جێی باسە ساڵی 2017 ئەمەریكا بە بەهای 55 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار كورتهێنانی لە بازرگانی كەلوپەل و خزمەتگوزاری لەگەڵ ژاپۆن هەبووە، هاوكات بە بەهای 151 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا هەبووە و بە بەهای 14 ملیار و 200 ملیۆن دۆلاریش لەگەڵ بەریتانیا هەبووە.
هەوڵەكانی ئەمەریكا بۆ هێوركردنەوەی تەنگژەی بازرگانی ئازاد لەگەڵ ئەو وڵاتانە لە كاتێكدایە لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، دۆناڵد ترەمپ بڕیاری زیادكردنی باجی خستە سەر دەیان كاڵای هەناردەی ئەو وڵاتانە بۆ بازاڕەكانی ئەمەریكا، ئەمەیش پەرچەكرداری لەلایەن هاوپەیمانانی ئەمەریكا لێكەوتەوە، بەڵام چاودێران كۆكن لەسەر ئەوەی بڕیاری كرانەوە كە دۆناڵد ترەمپ دەری كردووە بۆ ئەنجامدانی رێككەوتنی نوێ، بەشێكە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەمە لە كاتێكدایە پێوەندی بازرگانی ئازاد لەنێوان ئەمەریكا و چین، یەكەم و دووەمی گەورە ئابووری جیهانی لەوپەڕی خراپیدایە و تا ئێستە هەردوو وڵات بە بەهای زیاتر لە 300 ملیار دۆلار باجیان خستووەتە سەر كاڵای یەكتری، بەڵام چین ئامادەیە لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ ئەمەریكا بكاتەوە.
ئەمەریكا.. گوشاری زیاتر دەخاتە سەر چین
یی گانگ، حاكمی بانكی ناوەندی چین رای گەیاند وڵاتەكەی لەهەوڵدایە چارەسەرێكی بنیادنەر لەگەڵ ئەمەریكا لەسەر پرسی جەنگی بازرگانی نێوانیان بگرێتەبەر كە زیانی گەیاندووە بە ئابووری جیهانی.
قسەكانی یی گانگ لە میانی بەشداریكردنی بوو لە سمینارێكی حاكمانی بانكی ناوەندی وڵاتان و گەورە بەرپرسانی دارایی لە شاری بالی ئیندۆنیزیا لە پەراوێزی كۆبوونەوەی ساڵانەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و بانكی نێودەوڵەتی، زیاتر گوتی، "چارەسەرێكی بنیادنەر باشترە لە جەنگی بازرگانی كە هەمووان تێیدا زیان دەكەن".
حاكمی بانكی ناوەندی
چین زیاتر گوتی، "پێویستە لەسەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە دوای چارەسەر بگەڕێت نەك بارگرژی بازرگانی كە تەنیا بۆ چین مەترسیدار نییە، بەڵكو بۆ وڵاتانی دراوسێ و تۆڕەكانی گەشەپێدانیش مەترسیدارە، هەمیشە ناكۆكییە بازرگانییەكان ئاماژەی نەرێنی بە دەستەوە دەدەن بەمەیش بازاڕ و خەڵكیش لە دڵەڕاوكێدا دەبن".
ئەوەیشی خستەڕوو، بوونی پێوەندییەكی هاوسەنگ و راستگۆیانە شتێكی باش دەبێت بۆ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان و كرێكارانی ئەمەریكی و ئەوروپی و ژاپۆنی و هەموو هاوپەیمانانمان، بۆ چینیش وەها باشترە، ئەوەیشی رەتكردەوە كە چین بەهای نرخی یوان كە دراوی فەرمی چینە، بەكار بهێنێت لە جەنگی بازرگانی.
ئەمە وەڵامێك بوو بۆ ئەمەریكا كە دۆناڵد ترەمپ رای گەیاند چین بە نیازە بە دابەزاندنی بەهای یوان بكاتە بەشێك لە جەنگی بازرگانی نێوانیان، هاوكات ستیڤن منوچین، وەزیری دارایی ئەمەریكا رۆژی هەینی رابردوو رای گەیاند كە بەرپرسانی چینیان لەوە ئاگادار كردووەتەوە كە پرسی بەهای یوان بەشێك دەبێت لە دانوستاندنیان لەگەڵ پەكین لەبارەی جەنگی بازرگانی.
دوای گەیشتنە لووتكەی جەنگی بازرگانی لەنێوان ئەو دوو زلهێزە ئابوورییەی جیهانی، هەوڵەكان بە ئاراستەی رێكخستنی دیداری لووتكە دەچن لەنێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و شی جین بینگ، سەرۆكی چین لە پەراوێزی لووتكەی گرووپی 20 لە مانگی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەری داهاتوو، بە مەبەستی گەیشتن بە رێككەوتن.