دوای خۆكوشتنی لە پۆستەكەی لادەدرێت

:: PM:10:44:17/10/2018 ‌

حزبی كۆمۆنیستی دەسەڵاتدار لە چین جەنەراڵێكی پێشووی لەسەر پۆستەكەی لادا، ئەوە لەكاتێكدا لە كە ئەو ئەفسەرە لە میانی هەڵمەتێكی لێكۆڵینەوە لە گەندەڵی پێشتر خۆی كوشتبوو.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی چین لێدوانێكی سوپای چینی بڵاو كردەوە كە تێیدا باس لەوە كراوە ژانگ یانگ، ئەندامی پێشووی دەستەی ناوەندی سەربازی و سەرۆكی بەشی كاروباری سیاسی لە ئەندامیەتی حزبی كۆمۆنیست لادراوە و ئەو موڵكانەی ئەو كە پێوەندی بە لێكۆڵینەوەكەوە هەبووە دەستی بەسەردا گیراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەكانی سوپاكە ژانگ تاوانبار كراوە بە دان و وەرگرتنی بەرتیل، هەروەها بە هەبوونی موڵكێكی ئێجگار زۆر كە سەرچاوەكانیان نەناسراون، بەمەیش سەرپێچی لە ڕێساكانی حزبی كۆمونیستی چینیدا كردووە، لەگەڵ ئەمەیشدا سوپای چین كەیسەكەی بە "ئێجگار رژد" و هەبوونی كاریگەرییەكی "ئێجگار خراپ" پەسند دەكات.

ژانگ یانگ، پێشتر ئەندامێكی بەناوبانگی هێزە چەكدارەكانی چین بووە و لەلایەن ڕۆژنامەی فەرمی حزبی كۆمۆنیستەوە، بەناوی "ڕۆژانەی خەڵك"، بەر لە لێكۆڵینەوە و خۆكوشتنەكەی چەندان جار ئاماژەی پێ دراوە.

خۆكوشتنی ژانگ دوای هەڵمەتێكی دژە گەندەڵی دێت كە لەلایەن سەرۆكی چین شی جینپینگ، بەڕێوە دەچێت كە دەیەوێت چالاكییە ناڕەواكان تەنانەت لەنێوان كەسە پلە بەرزەكان لە سوپای چین و هەروەها سیاسییە دەستەبژێرەكان بەتەواوی لە ڕیشە بەرێت.

وشە/ محەمەد شابان



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل