هاوپەیمانی سەدر: پارتی بەشداری لە حكوومەتی نوێی عێراق دەكات

:: PM:11:16:17/10/2018 ‌

سەركردەیەكی هاوپەیمانی ئیسڵاح و ئیعمار كە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە پاڵپشتی دەكرێت دووپاتی دەكاتەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری لە حكوومەتی نوێی عێراق دەكات و داوایشی كرد كە پێویستە وادەی دیاریكراو بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دابنرێت.

لە 14ی ئەم مانگە شاندێكی باڵای هاوپەیمانیەتییەكە بە سەرۆكایەتی عەمار حەكیم و ئەندامیەتی ساڵح موتڵەگ و خالید عوبێدی و چەند سەركردەیەكی تری هاوپەیمانیەتییەكە سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد و لەگەڵ سەرۆك مەسعوود بارزانی كۆبوونەوە كە پێویستی چارەسەركردنی پێشێلكارییەكان بۆ سەر كورد و مافەكانی و پابەندبوون بە هاوبەشی راستەقینە و تەوافوق و هاوسەنگی بۆ شاندەكە دووپات كردەوە. 

عەبدوڵا زەیدی كە ئەندامێكی شاندەكە بوو ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند، ئامانجی سەردانی ئێمە بۆ هەرێمی كوردستان پیرۆزباییكردن بوو بۆ هێزە كوردییەكان بۆ سەركەوتنی هەڵبژاردنی هەرێم و روونی كردەوە، دۆخەكە پێویست بە گفتوگۆیەكی چڕ لەگەڵ هێزە كوردییەكان بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی شێوەی حكوومەتی داهاتوو دەكات و هاندانیان بۆ پێشكەیشكردنی پێشنیاز و دیدی خۆیان لەبارەی پڕۆگرامی حكوومەتەوە.

زیاتر گوتی، كورد بەشێكی سەرەكی دەبن لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و پرۆسەی سیاسی و سەقامگیری لە عێراق و دووپاتی كردەوە كە پێوەندی ئەرێنی لەگەڵ كورد دەبێتە هۆی سەقامگیری حكوومەتی داهاتوو و چەسپانی ئاشتەوایی كۆمەڵگا و سیاسی. 

زەیدی ئاماژەی كرد، پارتی دیموكراتی كوردستان خواستی بەشداریكردنی لە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو هەیە لەو چوارچێوەی بە گونجاوی دەزانن دوور لە كێشە هەڵپەسێردراوەكان كە پێویستە بۆ قۆناغی داهاتوو چارەسەر بكرێن و دووپاتی كردەوە، پارتی بەپێوەری دەستوور و یاسا لە حكوومەت ئامادە دەبێت بۆ پاراستنی سەنگی كورد وەك پێكهاتەیەكی سەرەكیی لە عێراق.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل