وەزارەتی خوێندنی باڵا ماوە و رێنوێنییەكانی سكاڵا تۆماركردنی قوتابیان بڵاو دەكاتەوە

:: PM:11:38:17/10/2018 ‌

لە راگەندراوێكدا ناوەندی وەرگرتن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی ئاگادار دەكاتەوە كە لە كاتی تۆماركردنی سكاڵا و پێشكەشكردنی داخوازینامە بۆ شوێنی وەرگرتن لە كۆلێژ و زانكۆكانی كوردستان ڕەچاوی چەند رێنوێنییەك بكەن.

وەك لە راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا هاتووە، بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی وەرگرتن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی ئاگادار دەكاتەوە كە لە كاتی تۆماركردنی سكاڵا و پێشكەشكردنی داخوازینامە بۆ شوێنی وەرگرتن لە كۆلێژ و زانكۆكانی كوردستان ڕەچاوی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بكەن:

1. ماوەی تۆماركردن و پێشكەشكردنی سكاڵا لە سەعات (6)ی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەم (17/10/2018) تا سەعات (12)ی شەوی شەموو (20/10/2018) دەبێت.

2.  كەمترین كۆنمرەی وەرگیراو پابەندە بە خولی دەرچوون و شوێنی جوگرافی.

3. كەمترین كۆنمرەی وەرگیراوی بەشەكان بە هیچ شێوەیەك ناگۆڕێت، بۆیە باشترە ئەوانەی لە هیچ شوێنێك ناویان نەهاتووەتەوە لە كاتی پڕكردنەوەی فۆرمدا ڕەچاوی كەمترین كۆنمرەی وەرگرتن بكەن.

4.  ئەوانەی ناویان لە هیچ شوێن نەهاتووەتەوە دەتوانن تەنیا لە یەك شوێن پڕبكەنەوە.

5. بەشی سكاڵا لە سیستمەكانی وەرگرتن (زانكۆلاین، ڕاستەوخۆ بەكریدیت، پارالێل و ئێواران) تایبەت دەبێت بۆ ئەم خوێندكار و قوتابیانەی خوارەوە:-

‌أ.  نەگونجانی كۆنمرەی وەرگرتن‌ لەگەڵ لیستی هەڵبژاردنەكانی.

‌ب.  ئەوانەی فۆرمیان (Submit) نەكردووە.

‌ج. ئەو دەرچووانەی كە مافی وەرگرتنیان لە ڕێزبەندی پێشتر هەیە.

6. سكاڵا بۆ دابەزین و گۆڕینی شوێنەكان نییە.

7. كاندیدەكانی بەشەكانی ڕاستەوخۆ (خوێندنی ئیسلامی، هونەرەجوانەكان، وەرزش)، داخوازیەكەی بە یەكەم هەڵبژاردە هەژماركراوە،‌ بۆیە مافی وەرگرتنی لە بەشی تر نەماوە و مافی سكاڵای نییە.

8. هەڵبژاردنەكانی بەشە ڕاستەوخۆكان ( خوێندنی ئیسلامی، هونەرەجوانەكان، وەرزش) لە سیستەمی زانكۆلاین نەماوە، لە بەر ئەوەی پێشكەشكردن بۆ ئەم بەشانە بە شێوەی ڕاستەوخۆیە.

9. دوای تەواوبونی  ماوەی دیاریكراو بۆ سكاڵا، قوتابی و خوێندكاری (سكاڵاكار) بە پێی كۆنمرەكەی لە بەشی داواكراو دەچنە پێشبركێ وەرگرتن.

10. ئەم (16) هەزار كورسییەی خوێندن ‌بە یەكسانی بۆ سەرجەم  دەرچووان‌  بەردەستە بەبێ ڕەچاوكردنی ڕێژەی تا (70%) بۆ دەرچووانی خولی یەكەم و (30) بۆ دەرچوانی خولی دووەم.‌



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل