نرخی نەوت دابەزی

:: AM:09:18:18/10/2018 ‌

دوێنێ چوارشەم نرخی نەوت تا نزیكەی 82 دۆلار هەڵكشا، بەڵام دواتر رووی لە دابەزین كرد و ئەم دابەزینەش تا ئێستە بەردەوامە.

بەگوێرەی DAILYFX ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 80 دۆلار دەفرۆشرێت. هاوكات نرخی نەوتی تەكساس یان  WTI بە 69 دۆلار و 69 سەنت دەفرۆشرێت.

نرخی نەوت لە كاتێكدا رووی لە دابەزین كردووە كە هەمووی نزیكەی دوو هەفتەی ماوە قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمەریكا لە دژی ئێران دەست پێ بكات.

لە چواری تشرینی دووەمی ئەمساڵ بڕیارە ئەمەریكا بە كردەنی رێ لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بگرێت و بەم كارەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ئاستی سفر دابەزێنێت.

تاكە مەترسییەك كە بۆ سەر ئەمەریكا لە ئارادایە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە و ئێستەش كە نرخی نەوت دادەبەزێت، هێمایە بۆ ئەوەی ئەمەریكا لە دانوستان و سیاسەتە ناوچەیییەكان بۆ پرسی كەمیی نەوت لە بازاڕەكان سەركەوتوو بووە و ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا ئەمەریكا سوورتر دەبێت لەسەر سەپاندنی سزا قورسەكە لە دژی ئێران.

ئێران هەموو هەوڵێكی ئەوەیە نرخی نەوت بەرز ببێتەوە و بەم كارەش قەرەبووی كەمیی هەناردەی نەوتەكەی بكرێتەوە. بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا باسی لەوە كرد كە هیچ وڵاتێك ناتوانێ قەرەبووی كەمیی نەوت لە بازاڕەكان بكاتەوە.



وشە - سلێمان تاشان