شاره‌وانیی سلێمانی زه‌وییه نایابه‌كانی هه‌رزانفرۆش ده‌كات و به‌م كاره‌شی زیانی به شاره‌كه گه‌یاندووه و له داهاتوودا له دروستكردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری ده‌ستی كراوه نابێت.
كاسترۆ مه‌عرووف ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی له فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، مه‌ترسییه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانی شاره‌وانی له سنووری پارێزگای سلێمانی هه‌یه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت و وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ڕێیان داوه له دۆخێكی له‌و شێوه‌یه‌ی ئێسته كه پاره بۆ شاره‌وانییه‌كان ته‌رخان ناكرێت، شاره‌وانی زه‌وییه‌كانی بفرۆشێت و له بواری خزمه‌تگوزاریی شاره‌كه پاره‌كه‌ی به‌كار بهێنێت، به‌ڵام به‌هۆی دابه‌زینی نرخی زه‌وی، ئه‌و زه‌وییانه به هه‌رزان دێنه فرۆشتن سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له داهاتوودا زیان به شاره‌كه ده‌گه‌یه‌نن.
به‌گوته‌ی ئه‌و نوێنه‌ره، زه‌وییه‌كان هه‌رزانفرۆش ده‌كرێن كه سه‌رجه‌میان زه‌ویی بازرگانین و له‌لایه‌ن شاره‌وانیی سلێمانی تا ئێسته به سه‌دان زه‌وی فرۆشراون. ئاماژه‌ی دا "ڕاسته به‌شێوه‌ی موزایه‌ده ده‌فرۆشرێن، به‌ڵام كه‌سی ئاسایی و فه‌رمانبه‌ر له‌و زه‌وییانه سوودمه‌ند نابێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناكرێ سه‌روه‌ت و سامانی نیشتمانی بفرۆشیت، چونكه نه‌وه‌كانی داهاتوو زیانی زۆریان به‌رده‌كه‌وێت، ته‌نیا كۆمه‌ڵێك بازرگانی ده‌ستڕۆیشتوو سوود ده‌بینن."
وه‌ك كاسترۆ مه‌عرووف خستیه‌ڕوو، له سنووری پارێزگای سلێمانی و شاره‌وانیی شاره‌كه، به بڕی ده‌یان ملیار دینار زه‌ویی شاره‌وانی فرۆشراون. به‌ڵام دووپاتی ده‌كاته‌وه كه "به هیچ شێوازێك ناكرێ موڵك و ماڵی گشتی له پێناو پڕۆژه هه‌رزانفرۆش بكرێن".
به‌گوته‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌ن، زه‌وی هه‌یه نرخه‌كه‌ی له سه‌رووی 300 هه‌زار دۆلار بووه، به‌ڵام ئێسته بۆ نیوه دابه‌زیوه، كاتێك ئه‌و زه‌وییه ده‌فرۆشرێت به نرخێكی كه‌م، سامانی گشتی به‌هه‌ده‌ر دراوه. روونیشی كرده‌وه، "ناكرێ حكوومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی پاره كۆ بكاته‌وه بڕیارێكی له‌و جۆره بدات، ئاخر زیانه‌كانی له داهاتوودا ئاشكرا ده‌بن، ئه‌گه‌ر ئه‌و حاڵه‌ته به‌رده‌وام بێت، له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی داهاتوودا شاره‌وانیی سلێمانی هه‌موو زه‌وییه‌كانی هه‌رزانفرۆش ده‌كات، ئه‌وكات شاره‌وانی زه‌وییه‌كیشی نامێنێت بۆ كاره‌كانی خۆی، بۆ پڕۆژه یان هه‌ر شتێكی تر كه بیه‌وێ بیكات".
له به‌رانبه‌ردا توانا كه‌مال سه‌رۆكی شاره‌وانیی سلێمانی، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، بۆ ته‌واوكردن و كاركردن له چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی گرنگی سلێمانی كه حكوومه‌ت توانای دابینكردنی پاره‌ی نه‌بوو بۆیان، شاره‌وانیی هه‌ستا به فرۆشتنی چه‌ند پارچه زه‌وییه‌كی بازرگانی تا كاری ئه‌و پڕۆژانه ته‌واو بكات كه گرنگ و پێوه‌ست بوون به ژیانی ڕۆژانه‌ی هاووڵاتییان".
سه‌رۆكی شاره‌وانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه فرۆشتنی زه‌وییه‌كان به‌شێوازی فراوان و سنووردار كراوه، پاره‌كه‌ش ده‌چێته‌وه سه‌ر حیسابی وه‌زاره‌تی دارایی و دواتر وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ده‌توانێ مامه‌ڵه به‌و پاره‌یه بكات، ئه‌و زه‌وییانه‌ش كه ده‌فرۆشرێن، نرخێكی كه‌متر ده‌كه‌ن له‌و به‌هایه‌ی كه پێشتر زه‌وییه‌كه ده‌یكرد، ئه‌وه‌ش وه‌ك زیان وایه بۆ شاره‌وانی.
به بۆچوونی توانا كه‌مال فرۆشتنی زه‌وییه‌كان به به‌رنامه كراون، رووبه‌رێكی كه‌می زه‌وی ده‌خرێنه بازاڕه‌وه، دوای خه‌مڵاندن و دیاریكردنی نرخه‌كه‌ی له موزایه‌ده، ئه‌گه‌ر ئه‌و پاره‌یه نه‌كات، نافرۆشرێ و ده‌گێڕدرێته‌وه.
یه‌كێك له‌و زه‌وییانه‌ی كه فرۆشراوه، ده‌كه‌وێته سه‌ر ڕێی هه‌واری شار لای كارگه‌ی غاز، مه‌رجی فرۆشتنی شاره‌وانی بۆ ئه‌و زه‌وییه كه زیاتر له هه‌زار و 500 مه‌تره، ئه‌وه بووه كه ئه‌و زه‌وییه مۆڵه‌تی به‌نزینخانه‌ی پێ ده‌درێت، بۆیه پاره‌ی زیادی كردووه، نرخه‌كه‌یشی زیاتر له یه‌ك ملیۆن و 300 هه‌زار دۆلار بووه، هه‌روه‌ها چه‌ندان زه‌ویی تر له گه‌ڕه‌كی قڕگه و ڕاپه‌ڕین به ڕووبه‌ری زیاتر له هه‌زار مه‌تر فرۆشراون.
"هۆی نه‌كڕینی ئه‌و زه‌وییانه له‌لایه‌ن كه‌سانی ئاسایی، بۆ ئه‌وه بووه كه ئه‌و زه‌وییانه نرخیان گران بووه و ته‌نیا كه‌سانی بازرگان توانای كڕینی ئه‌و زه‌وییانه‌یان هه‌بوو، به‌و پێیه زه‌وییه‌كان خۆیان بازرگانین" كه‌مال وای گوت.
زیاد كاكه ڕه‌زا سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، "ئه‌نجوومه‌ن و سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا، تا ئێسته ئاگاداری شێوازی فرۆشتنی زه‌وییه نایابه‌كانی شاره‌وانی سلێمانی نین و نازانرێ چۆن و به چ میكانیزمێك ده‌فرۆشرێن و كێن ئه‌وانه‌ی ئه‌و زه‌وییانه ده‌كڕن و پاره‌كه‌ی چیی لێ ده‌كرێت".
له‌باره‌ی به‌دواداچوونیان، گوتی "له ڕێی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نه‌وه نووسراومان كردووه بۆ شاره‌وانی بۆ وه‌رگرتنی زانیاری، به‌ڵام وه‌ڵام نه‌دراوه‌ینته‌وه."
به‌بۆچوونی ئه‌و نوێنه‌ره‌ی پارتی، فرۆشتنی ئه‌و زه‌وییه نایابانه مه‌ترسیداره، ڕاسته نرخ دابه‌زیوه، به‌ڵام ئه‌مانه به‌شێوه‌ی زه‌وی بۆ خانوو دروستكردن نرخیان دانابه‌زێت، به‌ڵام كه‌مبوونه‌وه‌ی زه‌ویی نایاب له‌م كاته ته‌نگژه‌یه‌دا به‌دڵنیایییه‌وه باش نییه و ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر بمانایه، له داهاتوودا شاره‌وانی سوودی زیاتری لێ وه‌رده‌گرتن و له داهاتووشدا پاره‌ی زیاتریان ده‌كرد.
ئه‌و گوتی، ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی هه‌ڵبژێراوی هاووڵاتییانه و چاودێری فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌تی خۆجێیی ده‌كات له سنووره‌كه‌دا، بۆیه پێویسته بزانین چۆن و به‌چی ڕێیه‌ك و به‌چ نرخێك فرۆشراون، به‌ڵام زانیاری نادرێ هه‌رچه‌نده داوای زانیاری كراوه.
وشه/ سلێمانی. هۆشیار عه‌لی