له هه‌ولێر سه‌نته‌رێك ده‌ستنیشان و چاره‌سه‌ری هه‌موو نه‌خۆشییه‌كانی مه‌مك ده‌كات
یه‌كه‌م سه‌نته‌ری ده‌ستنیشانكردن و چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كانی مه‌مك له هه‌ولێر كراوه‌ته‌وه، له‌و سه‌نته‌ره له‌لایه‌ن هه‌شت پزیشكی پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی مه‌مك ڕاوێژ و چاره‌سه‌ری پێشكه‌ش ده‌كرێت. دكتۆر سۆزان هۆشیار به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ره‌كه له دیمانه‌یه‌كدا بۆ "وشه" ده‌ڵێ، به‌تیمێكی پڕۆفیشناڵی پزیشكی ژنه‌وه بڕیاریان داوه رێگریی له ته‌شه‌نه‌كردنی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك بكه‌ن.
جۆری ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی له سه‌نته‌ری ده‌ستنیشانكردن و چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشییه‌كانی مه‌مك له هه‌ولێر پێشكه‌ش ده‌كرێن، چین؟
ئه‌م سه‌نته‌ره له سه‌ره‌تای ساڵی 2017 وه‌ك سه‌نته‌رێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد، پێشتر به‌شێك بوو له ناو نه‌خۆشخانه‌ی له‌دایكبوون، به‌ڵام دواتر به‌هۆی زۆربوونی ژماره‌ی نه‌خۆشه‌وه، بوو به پێویستییه‌كی گه‌وره كه سه‌نته‌رێكی تایبه‌تی بۆ دابنێین، ناوی سه‌نته‌ری ده‌ستنیشانكردن و چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشییه‌كانی مه‌مكمان لێ نا، نه‌ماننووسی "شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك"، چونكه ئه‌و ناوه تۆزیك قورسه و نه‌مانویست له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ناوه‌كه‌ی ترس له دڵی ژنان بچێنین، چونكه ئێمه له سه‌ره‌تادا هه‌موو ئامانجمان له كردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌شه خزمه‌تكردنی ژنانه، ده‌مانه‌وێ زۆرترین ژن سه‌ردانمان بكه‌ن و پشكنین ئه‌نجام بده‌ن. بۆ ئێمه گرنگترین شت ڕێگرتنه له بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه، ئه‌ویش له‌ڕێی سه‌ردانكردنی به‌رده‌وامی ژنانه‌وه ده‌بێت بۆ پشكنینه‌كانیان، ئه‌وه‌ی له‌م سه‌نته‌ره‌شدا پێشكه‌ش ده‌كرێت، ئه‌نجامدانی پشكنین به‌هه‌موو جۆره‌كان و ده‌ستنیشانكردنی جۆری نه‌خۆشییه‌كانی مه‌مكه و دواتر چاره‌سه‌ركردن.
سه‌نته‌ره‌كه له چه‌ند به‌ش پێكدێت؟
بێگومان ئێمه به‌پێی توانای خۆمان و ئه‌و داواكارییانه‌ی توانراوه له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه بۆمان جێبه‌جێ بكرێت، زۆربه‌ی به‌شه‌كانمان هه‌یه، ئه‌گه‌ر هه‌مووشی نه‌بێت به‌شه هه‌ره گرینگهكانمان هه‌یه كه بریتین له به‌شی پشكنینی پزیشكی ڕاوێژكاری، به‌شی پشكنینی تاقیگه‌یی، به‌شی تیشك كه پیكدێت له مامۆگرافی و سۆنار كه به‌گرینگترین جۆری پشكنین هه‌ژمار ده‌كرێن، له كاتی ده‌ستنیشانكردنی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مكدا ئه‌و جۆره سۆنه‌ره‌ی كه لێره هه‌یه، له هه‌موو عێراقدا سێ دانه هه‌یه، یه‌كێكیان له‌لای ئێمه‌یه كه ئه‌مه به گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وتی سه‌نته‌ره‌كه داده‌نرێت، هه‌روه‌ها چاندنی خانه‌ی مه‌مك، ئه‌ویش دوو جۆری هه‌یه به ده‌رزی و ده‌رزی گه‌وره‌مان هه‌یه، واتا خانه‌ی لێ وه‌رده‌گیرێت، به‌شی ده‌رمانخانه‌مان هه‌یه، له به‌شی كارگێڕیشدا هه‌موو به‌شه‌كانمان هه‌یه. له هه‌مووی گرنگتر كه ئێمه له سه‌نته‌ره‌كه‌مان تیشكمان خستووه‌ته سه‌ر، ئه‌وه‌یه ستافی ئێمه به پزیشكی و كارگێڕیشه‌وه هه‌موویان ژنن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین وا له نه‌خۆش بكه‌ین به ئاسوودهیییهكی زیاتره‌وه مامه‌ڵه بكات، به‌تایبه‌ت زۆرجار هه‌ندێك كه‌س به‌هۆی دابونه‌ریته‌وه بوونی پیاو به‌گرفت ده‌زانێت.
قۆناغه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆش چۆنه، نه‌بوونی هۆڵی نه‌شته‌رگه‌ری كاریگه‌ریی نه‌رێنی دروست نه‌كردووه؟
له‌ڕێی هه‌شت پزیشكی پسپۆڕه‌وه پشكنین بۆ ژنان ده‌كرێت، سیسته‌می هاتنی نه‌خۆش بۆ ئه‌م سه‌نته‌ره له بنكه ته‌ندروستییه‌كانه‌وه دێنه ناردن، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی پشكنینی بۆ ده‌كرێت و هه‌ست به بوونی شتێكی نائاسایی ده‌كرێت له مه‌مكیدا، ڕه‌وانه‌ی لای ئێمه ده‌كرێت، ته‌نیا له نه‌خۆشخانه‌كانی شێرپه‌نجه‌وه نه‌خۆش ڕاسته‌وخۆ دێته لای ئێمه، دوای ئه‌وه‌ی پزیشك نه‌خۆشه‌كه ده‌بینێت. كه‌سێك كه هه‌موو جۆره پشكنینێكی بۆ ده‌كرێت و ده‌سه‌لمێنرێ شێرپه‌نجه‌ی مه‌مكی هه‌یه و قۆناغی شێرپه‌نجه‌كه‌ی دیاری ده‌كرێت، بڕیاری نه‌شته‌رگه‌ری ده‌ده‌ین ئایا هه‌موو مه‌مكی لێ ده‌كرێته‌وه یان به‌شێكی، دوای ئه‌وه بۆ چاره‌سه‌ری كیمیایی ره‌وانه ده‌كرێ و كۆرسێك وه‌رده‌گرێت، له‌دوای ته‌واوبوونی هه‌ر كۆرسێك پێوه‌ندیمان پێوه ده‌كاته‌وه تا چاودێری نه‌خۆشه‌كه بكه‌ین. له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه هۆڵی نه‌شته‌رگه‌ری نییه له سه‌نته‌ره‌كه‌دا، ئێمه گرێدراوین به‌چه‌ند نهخۆشخانهیهكهوه، هه‌ریه‌ك له پزیشكه‌كان كه لێره نه‌خۆش ده‌بینین، له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی حكوومی نه‌شته‌رگه‌ری ده‌كه‌ین، كاتێ نه‌خۆشێك پێویستی به نه‌شته‌رگه‌ری ببێت، ئه‌وا ده‌یبه‌ین بۆ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه.
به‌پێی ئاماره‌كان ڕێژه‌ی تووشبووانی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك له هه‌ڵكشاندایه، ئایا ئه‌وه لای ئێوه‌ش سه‌لمێنراوه؟
به‌داخه‌وه تووشبوونی شێرپه‌نجه نه‌ك هه‌ر له كوردستان، به‌ڵكو له دنیادا زیادی كردووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی خۆشحاڵییه ئه‌وه‌یه، ئێسته ژنان به‌رچاویان ڕوونه و زۆربه‌یان پشكنینی پێشوه‌خته ده‌كه‌ن، ڕۆژانه له نێوان 40 بۆ 60 ژن سه‌ردانمان ده‌كه‌ن، به‌داخه‌وه تووشبووی شێرپه‌نجه‌شی تێدایه كه پێی نه‌زانیوه، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه لێره به‌زووترین كات ده‌ست به چاره‌سه‌رییه‌كه‌ی ده‌كرێت.
ئه‌م سه‌نته‌ره ته‌نیا له به‌یانیان كراوه‌یه، ئایا پلانتان بۆ ئه‌وه دانه‌ناوه له ئێوارانیشدا كراوه بێت؟
بێگومان پلانمان هه‌یه، چونكه ژماره‌ی نه‌خۆشمان ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ له زیادبووندایه، به‌ڵام شوێنه‌كه‌مان زۆر بچووكه و پێویستیشمان به‌هه‌ندێك ئامێر هه‌یه، بۆیه دواكاریمان به‌رز كردووه‌ته‌وه و به‌هیواین له سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوودا به شێوازێكی باشتر له ئێوارانیش ده‌وامی تێدا بكرێت و نه‌خۆشی تێدا چاره‌سه‌ر بكرێت.
تا ئێسته سهنتهرهكهتان تیمی گه‌ڕۆكی پێك نه‌هێناوه بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر گونده‌كاندا بگه‌ڕێن و پشكنینین بۆ ژنان بكه‌ن؟
به‌هۆی ته‌نگژه‌ی دارایی و كه‌می بودجه، نه‌مانتوانیوه ستافی پزیشكی ئاماده بكه‌ین، به‌ڵام له‌م مانگه‌دا كه مانگی هۆشیاركردنه‌وه‌یه، هه‌وڵمان داوه تیمێك پێك بهێنین و سه‌ردانی گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر بكه‌ین، له‌وێ زیاتر هۆشیاری له‌باره‌ی نه‌خۆشییه‌كه و چۆنیه‌تیی پشكنین ئه‌نجام بده‌ن. له‌دوای 15ی ئه‌م مانگه‌وه به‌هاوكاری چه‌ند ڕێكخراوێك ده‌ست پێ ده‌كه‌ین.
له نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌دا گرنگترین شت لایه‌نی ده‌روونی كه‌سه‌كه‌یه، ئایه به‌شی ڕاوێژی ده‌روونیتان هه‌یه؟
بێگومان كاتێ به‌كه‌سێك ده‌گوترێ نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مكی هه‌یه، له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه ده‌ڕووخێ، له‌كاتێكدا ئه‌و نه‌خۆشییه یه‌كسان نییه به‌مردن، من وه‌ك پزیشك پێداگری له‌وه ده‌كه‌م كه گرنگترین شت لایه‌نی ده‌روونی كه‌سه‌كه‌یه، كاتێك بڕیار ده‌دات به‌ره‌وڕووی نه‌خۆشییه‌كه ببێته‌وه، ئه‌وا ده‌توانێ به‌سه‌ریدا زاڵ بێت، به‌داخه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ڕۆژانه ڕووبه‌ڕووی ئه‌وه ده‌بینه‌وه كه به‌كه‌سێك ده‌ڵێین تووشی شێرپه‌نجه بووی، تووشی بارێكی گرژ ده‌بێت، زۆرجار ژن و مێرد ده‌یكه‌ن به‌شه‌ڕ و ناخۆشی له‌گه‌ڵ یه‌كتر، به‌ڵام ئێمه به‌هۆی بچووكی جێیهكهمان نه‌مانتوانیوه به‌شی ده‌روونی فه‌راهه‌م بكه‌ین، به‌ڵام له پلانماندا هه‌یه و جێبه‌جێی ده‌كه‌ین، چونكه ئه‌ویش به‌شێكه له چاره‌سه‌ر.
زۆرجار هه‌ڵه‌ی پزیشكیی گه‌وره ڕوو ده‌دات، مه‌مكی ژن دێته بڕینه‌وه و چاره‌سه‌ری كیمیایی پێ ده‌درێت، ئێوه چی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگر بن له ڕوودانی ئه‌م هه‌ڵانه؟
بێگومان هه‌ڵه‌ی پزیشكی ڕوو ده‌دات، ئێمه لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تیمان له‌باره‌ی ئه‌م كێشه‌یه هه‌یه كه پێك هاتووه له تیمی پزیشكی پسپۆڕ، له‌كاتی هه‌بوونی حاڵه‌تی وادا هانا بۆ باشترین و وردترین چاره‌سه‌ر ده‌به‌ین، به‌ڵام ئێمه گه‌وره‌ترین گرفتمان له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌یه كه له ده‌ره‌وه‌ی كوردستان نه‌شته‌رگه‌رییان بۆ كراوه و دواتر دێنه‌وه لای ئێمه، چونكه ئه‌و نه‌خۆشه كه له ده‌ره‌وه نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ده‌كرێت، هیچ فایلێكی نادرێته‌وه و ئێمه نازانین چی بۆ كراوه، له‌سه‌ر چ بنچینه‌یه‌ك نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ی بۆ كراوه، بۆیه ئه‌وه گرفت دروست ده‌كات به‌تایبه‌ت له هیندستان كه زۆرترین ڕێژه‌ی هه‌ڵه‌ی پزیشكی تا ئێسته له‌وێوه بۆمان دێته‌وه.
بیرتان له‌وه نه‌كردووه‌ته‌وه نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت به نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك دابنرێت، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌خۆش ڕزگاری ببێت له‌وه‌ی له ده‌ره‌وه یان شوێنی جیاواز چاره‌سه‌ر وه‌ربگرێت؟
بیرمان له‌وه كردووه‌ته‌وه نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت بكه‌ینه‌وه و داواكاریشمان پێشكه‌ش كردووه به سندووقی شێرپه‌نجه، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌خۆش له‌ناو یه‌ك بینا هه‌موو چاره‌سه‌رێك وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئه‌وه تێچوویه‌كی زۆری ده‌وێت و كاتی پێویسته، به‌ڵام له داهاتوودا بێگومان ده‌مانبێت، ئه‌وه‌ی ئێسته ئێمه توانیومانه بیكه‌ین درێغیمان نه‌كردووه، هه‌روه‌ها له‌ڕێی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی كه ڕۆژی دووشه‌مان داده‌نیشێت له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، توانیومانه یارمه‌تییه‌كی به‌رچاوی ئه‌و تووشبووانه‌ی شێرپه‌نجه بده‌ین كه كه‌مده‌رامه‌تن، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به‌هۆی زۆریی نۆره‌وه له نه‌خۆشخانه حكوومییه‌كان ناتوانن نه‌شته‌رگه‌ری ئه‌نجام بده‌ن، بۆیه ئه‌و لیژنه‌یه هاوكاری مادییان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی به‌زووترین كات له نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌هلی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ی بۆ بكرێت.
وشه/دیمانه‌ی ئیڤان عه‌بدوڕه‌حمان