بەغدا باڵوێزی توركیا بانگهێشتن دەكات و یاداشتێكی توندی ناڕەزایی رادەست دەكات لەبارەی جەنگی مووسڵ و هێزەكانی توركیا لە بەعشیقە، ئەوەش دوای چەند سەعاتێك لە كۆبوونەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرانی حەشدی شەعبی.
لە ماوەی دواییدا و لەگەڵ نزیكبوونەوەی دەست پێكردنی جەنگی مووسڵ پێوەندییەكانی عێراق و توركیا ئاڵۆزی تێ كەوتووە بەتایبەتی لەسەر ئاستی سەرانی هەردوو وڵات، توركیا دەڵێت كە بوونی هێزەكەی لە عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعشە و بەئاگەداری حكوومەتی عێراقە، لەو كاتەی عێراق دەڵێت كە ئاگەدار نین و هێزەكە داگیركارە و پێویستە بچێتە دەرەوە.
ئەحمەد جەمال گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە وەزارەتەكەیان پێشتر بانگهێشتنی فارووق قایماقچی باڵوێزی توركیای لە بەغدا كردبوو كە لە مۆڵەت بوو لە توركیا و ئەمڕۆ سەردانی بارەگەی وەزارەت كردووە.
زیاتر گوتی، یاداشتێكی ناڕەزایی توند رادەستی باڵوێزی توركیا كراوە لەبارەی لێدوانە دەمارگیرییەكانی سێشەمی رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆكی توركیا، هەروەها لە بەرامبەر سووربوونی توركیا لە هێشتنەوەی هێزە سەربازییەكەی لەسەر خاكی عێراق.
جەمال دووپاتی كردەوە كە هەڵوێستی عێراق روونە كە بوونی ئەو هێزە دەمارگیرییە و دووپاتی لەوەش كردەوە كە وەزارەتەكەیان لە هەوڵە دیپلۆماسییەكانی بەردەوام دەبێت.
ئەو هەڵوێستەی عێراق دوای چەند سەعاتێك لە كۆبوونەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دێت، هەر ئەمڕۆ هێزی بەدر كە بەشێكە لە حەشدی شەعبی هەڕەشەی بۆ سوپای توركیا دووپات كردەوە بەوەی دەكرێنە ئامانج.
وشە/عەرەبی ئەلجەدید-و: مەحموود ئیسماعیل