بەرپرسانی پارێزگای هەولێر ئامادەیی خۆیان بۆ وەرزی زستان ئاشكرا دەكەن و بۆ ئەگەری ڕوودانی لافاو سەرجەم زێرابەكان پاك كراونەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 18ـی تشرینی یەكەم، تاهیر عەبدوڵا جێگری پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، هاوئاهەنگی كراوە بۆ دیاریكردنی خاڵە لاوازەكان، ئەو شوێنانەی پێویستی بەوە هەیە بۆ هەر ئەگەرێك دێتە پێش بە تایبەت لە وەزری زستان و ئەگەری لافاو.
جێگری پارێزگای هەولێر گوتی، پێویستە هاووڵاتییانیش هاوكارمان بن لە پاككردنەوەی زێرابەكان و ڕێكخراوی gizـی ئەڵمانی كە هاوكار بوو بۆ پاككردنەوەی زێرابەكان، جێی دڵخۆشییە و ئەوەیش نیشاندەری ئەوەیە بۆ وەرزی زستان لەناوەوەی شار و دەرەوەی شار ڕێوشوێنی پێویستە گیراوەتە بەر
ئاماژەی دا، لە بەشێكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ گفتوگۆ لەسەر ئەوە كرا پێویستە بەهەموو شێوەیەك ڕێگری بكرێت لەو كەسانەی هەست بە بەرپرسیاریەتی ناكەن و بە ئاوی قوڕس و زێرابەكان بەروبوومی سەوزەیان بەرهەمهێناوە.
ساڵێ ڕابردوو لە وەرزی زستان، لافاو لە بەشێكی زۆری شارەكانی هەرێمی كوردستان دروست بوو و بەو هۆیەشەوە دوو هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا كە یەكێكیان پەنابەرێكی ڕۆژئاوای كوردستان بوو.