پێنج هەزار درەخت لە دهۆك چێنران

:: PM:02:20:18/10/2018 ‌
بۆ ڕێگری لە نەمانی داربەڕوو و كەڤووت، ڕێكخراوی مەدەنی پێنج هەزار نەمامی ئەو دوو درەختەی لە گۆڕستانێكی شاری دهۆك چاند، ئەمەیش بە هەنگاوێكی گرنگ دادەنرێ بۆ زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی و پاراستنی ژینگە و كەشوهەوای ناوچەكە.

بڵند بریفكانی سەرۆكی ڕێكخراوی هاریكاری كوردی – ئەمەریكی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بۆ پەرەدان بە زۆربوونی داربەڕوو و كەڤوت، كە ئێستە ئەو دوو درەختە لە لێواری لەناوچوونن، وەك ڕێكخراوی هاریكاری كوردی – ئەمەریكی، هەستاین بە چاندنی ڕێژەیەكی زۆری نەمامی ئەو دوو جۆرە درەختە.

بەرپرسانی ژینگە و دارستانی شار و شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان هێما بۆ ئەوە دەكەن، ئەم دوو جۆرە درەختە لە كوردستان خەریكە لەناو دەچن. بریفكانی گوتی، بۆ ئەوەی ڕێ لە لەناوچوونیان بگرین، هەوڵمان دا و پێنج هەزار نەمامی ئەو دوو جۆرە درەختەمان هێنا و لە گۆڕستانی شاخكێ چێنران.

دووپاتی كردەوە، هەرچەندە ئەو دوو درەختە خۆڕسك و سروشتین و لە ناوچە شاخاوییەكان بە ڕێژەیەكی زۆر ڕوواون، بەڵام پێویستە لە شارەكانیش هەبن، چونكە درەختی گرنگ و بەسوودن و بەشێكن لە كولتووری كۆمەڵگای كوردستانیش.

دهۆك/نەوزاد هلۆری.







وشە - باز ئه‌حمه‌د