دواى دوو هه‌فته له دواخستنى دیداره‌كه‌یان، بڕیاره سبه‌ى جیمس ماتیسى وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌مه‌ریكا له سه‌نگاپوور له‌گه‌ڵ هاوتا چینییه‌كه‌ى كۆ ببێته‌وه.
به‌پێى هه‌واڵێكى ئاژانسى هه‌واڵى
فرانس پرێس سبه‌ى له سه‌نگاپوور جیمس ماتیسى وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌مه‌ریكا و وى فینگى وه‌زیرى به‌رگریى چین كۆ ببنه‌وه.
وه‌ك ئاژانسه‌كه ئاماژه‌ى بۆ كردووه، دیدارى وه‌زیرى به‌رگریى چین و ئه‌مه‌ریكا له په‌راوێزى كۆنگره‌یه‌كى ته‌ناهى ده‌بێت كه له سه‌نگاپوور به‌ڕێوه ده‌چێت.
پێشتر بڕیار بوو جیمس ماتیس و وى له یه‌كى ئه‌م مانگه دیدارێك ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵام به‌هۆى ته‌نگژه‌ى ئابوورى و سیاسى نێوان دوو وڵاته‌كه، دواى ئه‌وه‌ى چین ئاماده نه‌بوو، واده‌ى دیداره‌كه ئه‌نجام بدات، وه‌زیرى به‌رگریی ئه‌مه‌ریكاش له لایه‌ن خۆیه‌وه دیداره‌كه‌ى هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
فڕانس پرێس ده‌ڵێ پێشبینى ده‌كرێت ئه‌م دوو پیاوه هه‌وڵ بده‌ن پێوه‌ندى سه‌ربازییان به‌هێزتر و جێگیر تر بكه‌ن، تا خۆى له ته‌نگژه سیاسى وئابوورییه‌كانى نێوان ئه‌مه‌ریكا و چین رابگرێ.
یاریده‌ده‌رى وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌مه‌ریكا له لێدوانێكى بۆ رۆژنامه‌نووسان گوتوویه‌تى، "ماتیس له‌گه‌ڵ وى كۆ ده‌بێته‌وه، به به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌ى چینییه‌كان بایه‌خ به پاراستنى بارودۆخه ئاسایییه‌كان ده‌ده‌ن، ئێمه‌ش هه‌رواین".
له سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه ئه‌مه‌ریكا كۆمه‌ڵێك سزاى به‌سه‌ر كه‌رتى به‌رگریى چین سه‌پاند به‌هۆى ئه‌وه‌ى چین كۆمه‌ڵێك چه‌كى له رووسیا كڕیبوو، ئه‌مه‌ش وایكرد چین وه‌ك ده‌ربڕینى ناڕه‌زایى كۆمه‌ڵێك دیدارى به‌رپرسانى هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، كه به نیاز بوون له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجامى بده‌ن.