هەڵبژاردنی ئەفغانستان...رێبەرەكان دەكشێنەوە كوڕەكانیان دەهێننە پێشەوە

:: PM:02:24:18/10/2018 ‌

بڕیارە 20ی ئەم مانگە لە ئەفغانستان هەڵبژاردن بۆ خولێكی تری پەرلەمانی بكرێت و بە پێچەوانەی خولەكانی پێشوو كە سەرۆك حزب و كەسایەتییە دەستڕۆیشتوو و ناسراوەكان بەشدارییان دەكرد، ئەمجارەیان منداڵەكانیان ركابەریی یەكتر دەكەن.  بۆ یەكەم جار لە مێژووی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی ئەفغانستان هیچ كام لە رێبەرانی ناسراوی ئەو وڵاتە خۆیان بۆ پەرلەمان نەپاڵاوتووە.

دوای ئەوەی دەسەڵاتی تالیبان رووخێنرا دوو خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ئەفغانستان بەڕێوە چووە و لە هەردوو خولیشدا رێبەران و كەسە ناسراوەكان رۆڵێكی گرنگیان هەبوو لە بەشداری پەرلەمان. بۆ نموونە محەمەد موحەقیق رێبەری حزبی وەحدەی ئیسلامی، عەبد رەبولڕەسووڵ سیاف، رێبەری حزبی دەعوەی ئیسلامی، بورهانەدین رەبانی رێبەری پێشووی كۆمەڵی ئیسلامی و لە كەسە ناسراوەكانیش هەر یەك لە محەمەد یوونس قانوونی، سەید حوسێن ئەنوەری و سەید مستەفا كازمی رۆڵی باڵایان هەبوو.

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی ئەفغانستان ئەو ناوانەی ئاماژەیان پێ كرا هیچ كامێكیان خۆیان نەپاڵاوتووە و زۆربەیان كوڕەكانیان كاندید كردوون.

باتور دوستۆم كوڕی عەبدولڕەشید دوستۆم جێگری یەكەمی سەرۆك كۆمار ناوی لە نێو پاڵێوراواندایە. هاوكات باقر موحەقیق كوڕی محەمەد موحەقیق جێگری دووەمی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی حكوومەت، جەمالەدین حكمەتیار كوڕی گولبۆدین حیكمەتیار رێبەری حزبی ئیسلامی، محەمەد عالەم خەلیلی كوڕی محەمەد كەریم خەلیلی، سەید مەهدی و سەید موجتەبا ئەنوەری هەردوو كوڕی سەید حوسێن ئەنوەری ناویان لە لیستی پاڵێوراواندایە.

تەها سادقی كوڕی ئیسماعیل خان و حەبیب رەحمان سیافی كوڕی عەبد رەبولڕەسووڵ سیافیش چەند پاڵێوراوێكی تری ئەم هەڵبژاردنەن.

گۆلبۆدین حیكمەتیار لە چوار دەیەی رابردووی مێژووی سیاسی ئەفغانستان لەدژی تەواوی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی ئەفغانستان شەڕی كردووە. ئەو كە رێبەری حزبی ئیسلامییە دوو ساڵ لەمەوبەر چەكی دانا و لە دەرگای ئاشتی گەڕایەوە ئەفغانستان.

كوڕی گولبۆدین حیكمەتیار بۆ "بی بی سی" باسی لەوە كردووە كە هەمان بەرنامەی باوكی جێبەجێ دەكات تەنیا جیاوازییەكە لە چۆنیەتی جێبەجێكردنی بەرنامەكەدایە. ئەو كە ماستەری كارگێڕی هەیە خوازیارە گۆڕانكاری بهێنێتە كایەوە. كوڕی عەبدولڕەشید دوستۆمیش لە توركیا زانستە نێودەوڵەتییەكانی تەواو كردووە و بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن گەڕاوەتەوە ئەفغانستان.

جێی باسە پەرلەمان یان ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئەفغانستان لە دوو ئەنجوومەن پێكدێت كە بریتین لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران.

ئەنجوومەنی پیران زیاتر دامەزراوەیەكی راوێژكاری و چاودێرییە كە لە 102 ئەندام پێكدێت كە یەك لەسەر سێی ئەو ئەندامانە راستەوخۆ لە لایەن سەرۆك كۆمار دێنە هەڵبژاردن و مەرجیشە نیوەی ئەوانە ژن بن.

پەرلەمانی ئەفغانستان یان ئەو بەشەی كە بە ئەنجوومەنی نوێنەران ناسراوە لە 250 نوێنەر پێكدێت بۆ ماوەی پێنج ساڵ دێنە هەڵبژاردن. لە ئەفغانستان بە پێچەوانەی كوردستان كە بە گشتی یەك بازنەی هەڵبژاردنە لە چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن پێكدێت و لە بازنەكان پاڵێوراوان رەكابەریی یەكتر دەكەن و هەر كامێكیان زۆرترین دەنگی بەدەست هێنا ئەوا دەبێتە نوێنەری ناوچەكە لە پەرلەمانی ئەفغانستان.

لە هەڵبژاردنی ئەفغانستان خەڵك دەنگ بە پاڵێوراوەكان دەدەن نەك حزبەكان، لە كاتێكدا لە كوردستان بە پێچەوانە خەڵك دەنگ بە حزبەكان دەدەن ئەوجار بە پاڵێوراوەكان. 

لە ئەفغانستان هەر ویلایەتێك كراوەتە یەك بازنەی هەڵبژاردن و ژمارەی نوێنەرەكانیش بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەكان دیاری دەكرێت.

لە 250 كورسییەكەی پەرلەمانی ئەفغانستان 10 كورسی تایبەت كراوە بە هۆزەكان و بەگوێرەی یاساش 27%ی كورسییەكانی پەرلەمان دەبێت بۆ ژنان بێت.

لە ئەفغانستان پاڵێوراوەكان بە شێوازی جیاواز هەوڵ دەدەن سەرنجی خەڵك بۆ لای خۆیان رابكێشن و دروشمی زۆرینەشیان بریتییە لە خزمەتكردنی خەڵك. بەڵام خەڵكی ئەفغانستان پێشتریش گوێیان لەو بەڵینە بریقەدارانە بووە، بۆیەش بە گومانەوە لە پاڵێوراوەكان دەڕوانن.

بەشێك لە هاووڵاتییان دەڵێن ئەوا خولێكی تر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەفغانستان كۆتایی پێ هات، كەچی هیچ گۆڕانكارییەك لە خوانی خەڵك رووی نەداوە و دەڵین نوێنەرەكان هەر دەگەنە پەرلەمان خەڵكیان لە بیر دەچێتەوە و ئامانجیان ئیمتیازەكانی بوون بە پەرلەمانتارە.

لە ئەفغاستان مووچە و ئیمتیازەكانی پەرلەمانتار بە یاسا دەستنیشان كراوە. كرێی خانوو، مووچەی باش، پاسپۆرتی دیپلۆماسی، چوار پاسەوان، ئۆتۆمبێلێكی نوێ و خەرجی رۆژانە هەمووی لە ئەستۆی حكوومەتە بۆی دابین بكات.

ئێستە مووچەی هەر نوێنەرێكی پەرلەمانی ئەفغانستان بریتییە لە مانگانە 300 هەزار ئەفغانی كە دەكاتە چوار هەزار دۆلار و ئەمەش بەراورد بە بودجەی ئەفغانستان مووچەیەكی زۆر بەرزە.

ژمارەی دانیشتووانی ئەفغانستان بەگوێرەی سەرژمێری ساڵی 2016 بریتییە لە 33 ملیۆن كەس و كۆی داهاتی نەپاڵاوتووی نیشتمانیی ئەو وڵاتەش دەگاتە 65 ملیار دۆلار.



وشە - سلێمان تاشان