پێنج جۆری شەربەت بۆ چارەسەری هەمیشەیی قەبزی

:: PM:03:26:18/10/2018 ‌
قەبزی گرفتێكی باوە و تووشی زۆر كەس دەبێت و پێوەندی بە تەمەنەوە نییە. قەبزی نیشانەیەكە بۆ ناڕێكی سیستەمی هەرس و لە كاتی روودانیدا پێویستە خۆراكی رۆژانەت بگۆریت، بۆ ئەو پێكهاتانەی كە سیستەمی هەرسی باشتر دەكەن.لێرەدا باس لە پێنج جۆری شەربەت دەكەین كە چارەسەری قەبزی دەكات.

قەبزی جگە لەوەی دەبێتە هۆی هەڵئاوسانی سك و ئازار بەهەمانشێوە چالاكی ریخۆڵەكان كەم دەكاتەوە و ڕەنگە لە ماوەیەكی كەمدا ببێتە هۆی قەبزی درێژخایەن كە زیان بە ریخۆڵەكان دەگەیەنێت و ڕەنگە بشبێتە هۆی گیرانی ریخۆڵە گەورە.

بۆچی شەربەت كاریگەرن دژی قەبزی؟
شەربەت دەوڵەمەندە بە ڤیتامین و كانزا و ریشاڵی خۆراكی و برێكی زۆر ئاوی تێدایە و باشترین چارەسەرە بۆ شێداركردنەوەی لەش و ریخۆڵەكان چالاك دەكاتەوە و بڕێكی زۆر پاشەڕۆ دەكاتە دەرەوەی لەش.

خواردنەوەی كوپێك شەربەت لە رۆژێكدا بەبێ‌ شەكر ڕێ لە قەبزی دەگرێت یان دەتوانرێت بەهاراتی بۆ زیاد بكرێت وەكو كەمون و شویت یارمەتی كردنە دەرەوەی ژەهری لەش دەدات، بەتایبەتی لە ریخۆڵە گەورەدا.

بۆ ئەوەی ئەنجامێكی باشی هەبێت پێویستە لەسەر گەدەی بەتاڵ بخورێتەوە.

یەكەم:شەربەتی  هەڵوژە، شەش هەڵوژەی وشك لەگەڵ نیو كەوچك هەنگوین و نیو كەوچك كەمون و یەك كوپ ئاوی گەرم تێكەڵ بكە. هەڵوژەكان بكە كوپێك ئاوە گەرمەكەوە تا ئاوەكە هەڵدەمژێت و نەرم دەبێتەوە دواتر پێكهاتەكانی تری تێكەڵ بكە و بیكە بە شەربەتێك.

هەڵوژەی وشك  بڕێكی زۆر پێكهاتەی خۆراكی تێدایە كە یارمەتی باشتركردنی ریخۆڵەكان دەدات، هەنگوین دژەبەكتریایەكی سروشتییە و تایبەتمەندی دژەئۆكسیدی هەیە كە ژەهری لەش لادەبات. كەمون بەشێوەیەكی سروشتی تەندروستی ریخۆڵەكان باشتر دەكات.

دووەم: شەربەتی هەرمێ‌، دوو هەرمێ‌ بەبێ‌ ناوك و دوو كەوچكی چا ئاوی لیمۆی سەوز لەگەڵ كەمێك بیبەری ڕەش ئامادە بكە. هەرمێیەكان لەت بكە، پاشان ئاوی لیمۆ و بیبەری ڕەشی بۆ زیاد بكە، هەمووی بكە شەربەتێك و بیخۆرەوە.

هەرمێ‌ دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵ بەهەمانشێوەی هەڵوژە. یارمەتی ریخۆڵەكان دەدات بۆ كردنە دەرەوەی پاشەرۆ، بەمەش ڕێ لە قەبزی دەگرێت.

سێیەم: شەربەتی سێو، یەك سێو كەرت بكە و ناوكەكەی دەربێنە پاشان نیو كەوچك هاڕاوەی شویتی بۆ زیاد بكە لەگەڵ نیو كوپ ئاو، دواتر بیكە بە شەربەت و بیپاڵێوە، سێو دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵ، كانزا، ڤیتامینە جۆراوجۆرەكان. 

چوارەم: پرتەقاڵ و خوێ، پرتەقاڵەكە پاك بكە بیكە شەربەت، پاشان خوێی بۆ زیاد بكە بەباشی تێكەڵی بكە پێش بەكارهێنانی. پرتەقاڵ سەرچاوەیەكی باشی ڤیتامین C، كانزا، ریشاڵی خۆراكییە، هەموو ئەم پێكهاتانە گرنگن بۆ چالاكی ریخۆڵەكان و رێگری كردن لە قەبزی.

پێنجەم: شەربەتی لیمۆ، نیو لیمۆ، كوپێك ئاوی گەرم، كەوچكێكی چا هەنگوین، نیو كەوچك هاڕاوەی كەمون، هەموو ئەم پێكهاتانە بكە ناو ئاوە گەرمەكەوە و بە باشی تێكەڵی بكە، پێش بەكارهێنانی و دواتر بیخۆرەوە.

لیمۆ دەوڵەمەندە بە ریشاڵ، ڤیتامین C، نەك تەنیا ڕێ لە قەبزی دەگرێت، بەڵكوو سیستەمی بەرگری لەش باشتر دەكات و كەمون پێویستە بۆ سیستەمی هەرسی و ریخۆڵەكان بەهێز دەكات.




وشە - ئاوات ئازاد