قایمقامی هەولێر: هەوڵ بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین هەیە

:: PM:03:41:18/10/2018 ‌
قایمقامی ناوەندی هەولێر ڕای گەیاند، هەوڵەكان بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین بە چڕی دەستی پێ كردووە و لە ڕێی پارێزگای هەولێریشەوە هەموو هەوڵێك دەدرێت بۆ ئەوەی نرخی بەنزین لە ئاستێكی كەم جێگیر بكرێ‌.

ماوەی هەفتەیەك زیاترە نرخی بەنزین لە شارەكانی كوردستان بە ڕێژەیەكی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون كردووە و بیانووی بەرپرسانی سامانەسرووشتییەكانیش بۆ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین گرانبوونی نەوتی خاوە لە بازاڕەكانی دنیا دا.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی ناوەندی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هیچ بڕیارێك نییە بۆ هەرزانكردنی نرخی بەنزین، چونكە ئەوە لە دەسەڵاتی یەكە ئیدارییەكاندا نییە و ئەو بەنزینەی لە بازاڕ هەیە بازرگانییە.

زیاتر گوتی، جیا لە چاودێری كردنی بازاڕ لەلایەن یەكە ئیدارییەكانەوە ئێستە هەوڵی ڕژد هەیە بۆ ئەوەی نرخی بەنزین دابەزێنرێت و لە بازاڕیش نرخەكەی جێگیر بكرێ‌.

قایمقامی ناوەندی هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لە ڕێی پارێزگای هەولێرەوە گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق كراوە بۆ ئەوەی بەنزین و نەوتی سپی بۆ كوردستان دابین بكات و گفتوگۆكانیش بەردەوام دەبێ‌.

ئێستە نرخی بەنزین لە هەرێمی كوردستان 775 دینار بۆ هەرلیترێك لە جۆری نۆرماڵ، ئەوە لەكاتێكدا هیچ بەنزینخانەیەكی حكوومیش لە هەرێمی كوردستان كار ناكات.
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم