سلێمانی تووشی كێشەیەكی تر دەبێت و ئەگەری لافاو هەیە

:: PM:04:11:18/10/2018 ‌
بەهۆی ئەوەی سەری زۆربەی مەنهۆڵەكانی سلێمانی درزاوە مەترسیی لافاو لە شارەكەدا دەكرێ‌ و لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری لە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانیش دووپات لەوە دەكاتەوە كە هەندێك لە هاووڵاتییان تۆڕی سەری مەنهۆڵەكانیان دزیوە و چەند گەڕەكێكیش گرفتی كۆبوونەوەی ئاویان هەیە، هەروەرك مەترسیی دروست بوونی لافاو ناشارێتەوە.

رزگار ئەحمەد لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری لە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوان وەك شارەوانی سلێمانی لە رێی تیمی فریاگوزاری خێرای شارەوانی و تیمەكانی بەشی ئاوەڕۆیان لە 15ی ئەیلوولەوە تا 15ی ئەم مانگە لە سەرجەم گەڕەكانی شاری سلێمانی هەڵمەتێكیان دەست پێ كردووە بۆ بەردانی سەرجەم زێرابەكان.

زیاتر گوتی، خەڵكانێك هەن لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان لە هاویناندا بۆ ئەوەی بۆنی زێرابەكان بنبڕ بكەن سەری مەنهۆڵەكان ئیزوگام دەكەن یان كۆنكرێتی دەكەن، ئەمەیش كێشەی دروست كردووە و دەبێت هەموویان بەربدەین.

ڕوونیشی كردەوە كە هەندێك لە تۆڕی سەری مەنهۆڵەكان دزراون، ئەوانەمان دروست كردووەتەوە بۆ ئەوەی كێشەمان نەبێت.

لە بارەی ئەو گەڕەكانەی كێشەی كۆبوونەوەی ئاویان هەیە رزگار ئەحمەد گوتی، لە زۆر شوێن گرفتی كۆبوونەوەی ئاومان هەیە بەتایبەتی گەڕەكی رزگاری نوێ و گەڕەكی قڕگە و شەقامی كاوە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ساڵانە لە چەند گەڕەكێكی سلێمانی لەكاتی بارانی زۆر لافاو هەڵدەستێت و زیان بەر خەڵكی چەندان گەڕەكی شارەكە دەگەیەنێت.

سلێمانی/ هەستیار







وشە - سه‌رخێڵ هاشم