پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون لە كەلار كێشەی تێكەوت.. حەوت ملیار دینار خراوەتە سەر هاووڵاتییان

:: PM:06:18:18/10/2018 ‌
لە سنووری ئیدارەی گەرمیان كە بەدووری 140 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانیەوە، هاووڵاتییانی ناو پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون بڕی حەوت ملیار دیناریان بەسەردا كەڵە بووە بە هۆكاری درەنگ تەواو كردن و دەستاو دەستكردنی پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون لە نێوان چەند كەسێك.
 
ژمارەیەك لە بەشداربووانی پرۆژەی یەكەكانی (كەلاری نوێ) "وشە"یان لەوە ئاگادار كردەوە كە دوای  دوو ساڵ لە چاوەڕوانی و تەواونەكردنی خانووەكانیان خۆیان دەستیان كردووە بە تەواوكردنی خانووەكانیان و دوای دوو ساڵ تێپەڕبوونیش بەسەر كاری پڕۆژەكەدا پێشكەش بە بەڵێندەرێكی تر كراوە و داوای پارە لە هاووڵاتییان دەكرێ‌.
 
هێمن محەمەد یەكێك لە نوێنەرانی بەشداربووی پڕۆژەكەیە بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، تەواو كردنی پڕۆژەكە دواكەوت، ئەگینا دەبوو لە سەرەتای مانگی ئەیلوول تەواو بێت ئەوەیش دوای دواخستنی بۆ ماوەی یەك ساڵی تر.

هاوكات رەحیم عومەر بەڵێندەری پڕۆژەكە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، حەوت ملیار دیناری كەڵەكەبووی وەك قەرز لای هاووڵاتییانە ئەوەیش دوای ئەوەی بەر لە سێ‌ ساڵ پرۆژەكەم لە بەلێندەرێكی تر وەرگرت.
 
لای خۆیەوە عومەر محەمەد بەرێوەبەری وەبەرهێنانی گەرمیان، بۆ "وشە" ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، قستەكانی سەر هاووڵاتییانمان كەم كردەوە لەو پڕۆژەیە لە 350 هەزارەوە بۆ 150 هەزار، بەڵام هاووڵاتییان پارەكە نادەن و پڕۆژەكەیش ناتوانرێ‌ تەواو بكرێ‌.
 
 گەرمیان / سەبری هۆرێنی
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم